گوتەبێژی نەخۆشخانەی لەدایكبوونی سۆران: نەخۆشخانەكەمان كەرەنتین نەكراوە و كراوەیە
رێزان باڵەك، گوتەبێژی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان لە سۆران، رایگەیاند: "دوای ئەوەی لەم دوو ڕۆژەدا پشكنینمان بۆ پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەكەمان کرد، بەداخەوە ئەنجامی پشكنینەكانی سێ لە پزیشكانمان پۆزەتیڤ دەرچوون، بۆیە بە ڕشاندنی نەخۆشخانەكەمان بە دەرمانی دژە ڤایرۆس لەلایەن بنكەی بەرگری شارستانی سۆران، هەروەها چاودێریی زیاتری پزیشك و كارمەندانمان و ئەوانەی سەردانی نەخۆشخانە دەكەن، بە گرتنەبەری رێنماییە تەندروستییەكان، رێكاری توندترمان گرتووەتە بەر".
گوتەبێژی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان لە سۆران ئەوە دەنگۆیانەشی ڕەت كردەوە كە گوایە بەهۆی تۆماركردنی ئەم چەند تووشبووەی كۆرۆنا نەخۆشخانەكەیان كەرەنتی كرابێت و گوتی: "بە گرتنەبەری رێكارە خۆپارێزییەكان رۆژانە نەخۆش بەپێی پێویست بەڕێ دەكەین".
باسنیوز
