پارێزگاری هەولێر: ئەگەر رێکارەکان توند نەکرێن رەنگە کارەسات چاوەڕێی هەولێر بکات
ئێوارەی ئەمرۆ یەکشەممە 28ی 6ی 2020، فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر و نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنای کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیشدا رایگەیاند: "وەکو ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ئەمشەو بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر توندکردنی رێکارەکان کۆدەبینەوە، ئەگەر رێکارەکان توند نەکرێن دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەردەچێت".
هەروەها پارێزگاری هەولێر ئاماژەشی بەوەدا کە بەگرتنەبەری رێکاری توندتر دەتوانن رەوشەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
لای خۆیەوە د. دلۆڤان محەمەد، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "رەوشی شاری هەولێر بەرەو مەترسی دەڕوات و رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی تووشبوونی کۆرۆنا لە هەولێر زیاد دەبێت".
گوتیشی: "تا ئێستا 23 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەولێر گیانیان لە دەستداوە و 428 تووشبووش لە نەخۆشخانەکانی هەولێرن".
باسنيوز
