نەدا مێرگەسۆری: هێشتا شۆكی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە سۆران عومەری بەرنەداوە

نەدا مێرگەسۆری: هێشتا شۆكی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکە سۆران عومەری بەرنەداوە
ئەندامێکی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، داواکەی سۆران عومەر بە هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، نیشانەی قێزەوەنیی ئەو بوونەوەرەیە.

نەدا مێرگەسۆری، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق رايگەیاند، پەرلەمانتارانی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان سوێندی پاراستنی هەرێمی کوردستان دەخۆن.

نەدا مێرگەسۆری هەروەها رایگەیاند، سۆران عومەری پەرلەمانتاری کۆمەڵ بە داواکردنی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان، سوێندەکەی شکاندووە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سۆران عومەر هێشتا ”شۆکی هەڵگرتنی پارێزبەندییەکەی سەری بەری نەداوە“، بۆیە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات.

نەدا مێرگەسۆی جەختی لەوە کردەوە، کە بۆ سۆران عومەر ئاسانە داوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکات، چونکە هیچ خەباتی بۆ دروستکردنی ئەو قەوارەیە نەکردووە و خوێنی بۆ نەڕشتووە، هەر خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و تیرۆریستی بووە.

مێرگەسۆری وەرگرتنی مووچەی قەبە و پۆستی باڵا لەلایەن سۆران عومەر لەو قەوارەیە، لە کاتێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات، بە نیشانەی ”قێزەوەنیی ئەو بوونەوەرە“ دادەنێت و رایگەیاندووە، تا ئێستاش هاوبیرەکانی سۆران عومەر کوڕانی کورد دەکوژن و کچانی کوردیش بە دیل دەگرن و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکەن.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق بە رەخنەگرتن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە هەوڵی پەردەپۆشکردنی ”کارە نایاساییەکانی سۆران عومەر“ دەدات، رایگەیاندووە، دەبوایە سەرۆکی پەرلەمان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی کردبوا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو ”خیانەتە نیشتمانییە“ی سۆران عومەر.

نەدا مێرگەسۆری بەپێویستی دەزانێ پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاپۆشیی لەو لێدوانانە نەکەن و سنوورێک بۆ ئەو جۆرە بیرکردنەوە و کەسانە دابنێن، چونکە ئەو کەسانە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی دەگەیەنن و یاری بە چارەنووسی گەلیکەوە دەکەن.

هەروەک مێرگەسۆری رایگەیاند، قەوارەی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەرێمێنی دانپێدانراوی دەستوورییە و بەرهەمی خوێن و قوربانیدانە و بە قسەی ئەو ”هزرنەخۆشانە“ هەڵناوەشێتەوە.













باسنيوز



Top