کەلار؛ لەماوەی 24 کاتژمێردا زیاتر لە 150 شوێنکار بەهۆی پابەندنەبون بە رێنماییەکانەوە داخراون
هەردی سەرکەوت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قائیمقامێتی قەزای کەلار، بەخەندانی ڕاگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت بە بڕیاری قائیمقامی کەلار بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و پابەندکردنی هاوڵاتیان و کاسبکاران بە بڕیار و رێنمایەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەماوەی 24ی کاتژمێری ڕابردودا بەھۆی پابەندنەبون بە رێنماییەکانی تایبەت بە خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری قەزای کەلار زیاتر لە 150 شوێنکار داخراون، کە بەشی زۆری ئەو شوێنکارانە دەکەونە سەنتەری بازاڕی شاری کەلارەوە".
ئەو شوێنانەی داخراون لە ماوەی رابردودا چەندینجار لە ڕێگای لیژنەکان و ڕاگەیاندنەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ڕێنماییەكان جێبەجێبکەن
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شوێنانەی داخراون لە ماوەی رابردودا چەندینجار لە ڕێگای لیژنەکان و ڕاگەیاندنەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ڕێنماییەكان جێبەجێبکەن بە تایبەت بەکارهێنانی دەست کێش و دەمامک، بەڵام پابەندنەبون بە ڕێنماییەكان بۆیە دواجار بڕیاری داخستنیان دراوە.
وتیشی، داوا لە هاوڵاتیان و کاسبکارانی خۆشەویستی سنوری قەزای کەلار دەکەین پابەندی ڕێنماییەكانی خۆپارێزی بن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە هیوای سەلامەتی بۆ هەمو لایەک.
خەندان
