هێرۆ ئیسماعیل، خانمە پێشكەشكاری كوردستان تی ڤی تووشی كۆرۆنا بوو
لەم بارەیەوە، هێرۆ ئیسماعیلی پێشكەشكار رای گەیان: ”بەداخەوە چەند رۆژێكی كەمە، خۆم و هاوسەرەكەم و هەردوو كوڕەكەم (رۆژیار و رامان) تووشی پەتای كۆرۆنا بووین و لەم یەك دوو رۆژەدا ئەنجامی پشكنینەكەمان دەرچوو، ئێستا هەموومان لە كەرەنتینداین و چارەسەری پێویست وەردەگرین“.
لەبارەی هۆكاری تووشبوونەكەیان بە كۆرۆنا گوتی: ”هەرچەندە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی یەكەمین حاڵەتی كۆرۆناوە لە كوردستان، ئێمە یەكێك بووین لەو خێزانانەی كە زۆر بەڕژدی خۆمان دەپارست و تا پێمان كرابێت رێوشوێنە پێویستەكانی رێگری لە كۆرۆنامان بەباشی جێبەجێ دەكرد، هەم لەنێو ماڵی خۆمان و هەم لە دەرەوە، بەڵام بێ شك ئێمەی راگەیاندنكاریش مرۆڤین و رۆبۆت نین، وەك هەر مرۆڤێكی تر ئەگەر و مەترسیی تووشبوونمان هەیە، بەڵام سەرەتای تووشبوونمان لە هاوسەرەكەمەوە بوو، هەرچەندە لەو شوێنانەی كاریان تیا دەكەین، رێوشوێنی خۆپارارستن و رێگری لە كۆرۆنا زۆر توند و باشە و رۆژانە دژەڤایرۆس دەڕێژرێت و هەموو كارمەندێك پشكنینی بۆ دەكرێت و بە ماسكەوە كار دەكەین. بۆیە نازانین لە كوێوە و لە كێوە تووشی بووە چونكە جگە لە دەوام هاتوچۆی بازاڕ و ماركێت و دووكانیشی كردووە، بە هەرحاڵ ئیتر لەوە بەدوا كە هاوسەرەكەم هاتەوە ماڵەوە سەرەتا هیچ ئاسەوارێكی كۆرۆنای پێوە دیار نەبوو، بێ شك هەم خۆم و هەم هەردوو كوڕەكەم كە لەنێو ماڵێكدا لەگەڵ هاوسەرەكەم پێكەوە دەژین، ئیدی ئەگەری تووشبوونەكامان بووە واقیع و ئێستا هەر چوارمان تووش بووین“.
لەبارەی دۆخی تەندروستیی خۆی و ئەندامانی خێزانەكەیەوە، هێرۆ ئیسماعیل كە ساڵانێكی زۆرە لە (كوردستان تی ڤی) بێژەر و پێشكەشكار و ئامادەكاری چەندین فیلمی دیكیۆمێنتارییە، روونی كردەوە: ”سوپاسگوزارین كە هەر چوارمان بە سووكی پەتاكەمان گرتووە، تەنیا هاوسەرەكەم چەند رۆژێكی سەرەتا، كەمێك ماندووبوون و ئازاری جەستەی پێوە دیار بوو و ئێستا بەرەو باشی دەچین“.
گوتیشی: ”گرنگە هەموومان بزانین، كە هیچ ڤایرۆس و پەتایەك نییە، وەكوو كۆرۆنا وا بەخێرایی و لە ماوەیەكی كورتی مامەڵەكردنی یەكتریدا، وا زوو بڵاو بێتەوە و لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر بچێت و تووشی بكات، گرنگە بزانین كە كۆرۆنا پەتایەكی مەترسیدار و كوشندەیە و نابێ بە خەمساردی مامەڵەی لەگەڵ بكەین“.
هێرۆ ئیسماعیل گوتیشی: ”تكا و داوام ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان و هەموو ئەوانەی ئەم هەواڵە دەخوێننەوە، تا پێیان دەكرێت كۆرۆنا بەڕژدی و بەجدی وەربگرن، تا پێیان دەكرێت بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش و پاككەرەوەكانی دژەڤایرۆس لای خۆیان و ئەندامانی خێزانەكەیان و ئازیزانیان بكەنە نەریتی رۆژانە و هەمیشەییان، تاوەكوو ڤاكسینێك بۆ ئەم پەتایە دەكەوێتە هەموو وڵاتەكانەوە، تكا لە هەمووان دەكەم خۆیان لە كۆڕ و كۆبوونەوە و شوێنی قەرەباڵغ و داخراو بەدوور بگرن، دڵنیا بن بچووكترین خەمساردی و فەرامۆشكردن، هەموو خێزانەكەیان و ئازیزانیان تووش دەبن، گرنگە تۆ لەگەڵ هەركەس مامەڵەت كرد كە لەدەرەوەی ماڵ هاتبێتەوە گومانی ئەوەت هەبێت رەنگە لە شوێنێك لە شوێنەكان بەریەككەوتنی لەگەڵ تووشبووێكدا هەبووبێت، هیودارم هەموان سەلامەت بن“.
دوا پەیامی ئەو خانمە پێشكەشكارە ئەوە بوو كە پێویستە هەر كەس گومانی بوونی كۆرۆنا یان بەریەككەوتنی لەگەڵ تووشبووێكدا هەبوو، زوو بچێت پشكنینی كۆرۆنا بكات، ئەگەر خوانەكردە تووشیش بوو، هیچ عەیبە و نەنگییەكی تێدا نییە، پێویستە بە زووترین كات بۆ هەموان ئاشكرای بكات كە تووش بووە، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت لەوەی ئەو كەسانەی مامەڵەیان لەگەڵ كردووە زووتر بچن بۆ پشكنین و كەمتر پەتاكە لە كوردستاندا بڵاو بێتەوە.
باسنيوز
