ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر وردەكاریی بڕیارەكانی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ راگەیاند
بە گوێرەی راگەیاندراوێكی ژوورەكە، لەژێر ڕۆشنایی بەیانی ژمارە (42)ی ساڵی (2020)ی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی فراوان لە شاری هەولێر و مەترسیداریی دۆخەکە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2020.6.25، بە سەرپەرشتیی د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، كۆبووەوە و ئەم بڕیارانەی دەركرد:
یەکەم/ لەڕۆژی یەکشەممە 2020.6.28، تاوەکو 2020.7.3 دەوامی سەرجەم فەرمانگە و بەرێوەبەرایەتی و یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر رادەگیرێن، جگە لە دوامی تەندروستی، پۆلیس، ئاسایش، ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییە پێویستییەکان بەپێی ئەو خشتەیەی کە خۆیان دیاری دەکەن، سەبارەت بە دەوامی دیوانی وەزارەت و سەرۆکایەتییەکان و ئەنجوومەنی دادوەری و دەستە سەربەخۆکان خۆیان بڕیاری لێ دەدەن.
دووەم/ تاوەکو 2020.7.3 هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لەگەڵ سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق، بە تەواوەتی ڕادەگیرێت و رێگە بە هیچ کەسێک و بۆ هیچ مەبەستێک نادرێت بێتە ژوورەوە بۆ ناو شاری هەولێر، بۆیە تکامان لەهاوڵاتییانی پارێزگاکانی هەرێمى كوردستان و پارێزگاکانی دیكهی عێراق ئەوەیە، بۆ ئەوەی تووشی گەڕاندنەوە و ئەزیەتکێشان نەبن، تاوەکو 2020.7.3، کەس خۆی لە رێگا نەدات بۆ هاتنە ژوورەوەی پارێزگای هەولێر، چونکە بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە هاتنە ژوورەوەی هیچ کەس و لایەنێک نادرێت و هەرکەسێک بێتە بازگەکانیش دەگەڕێندرێتەوە.
سێیەم/ لەڕۆژی شەممە 2020.6.27 تاوەکو 2020.7.3، لە دوای کاتژمێر (8)ی شەو بۆ (5)ی بەیانی، سەرجەم دوکان و بازاڕ و مۆڵ و مارکێت و شوێنە بازرگانییەکان و هەموو ئەو شوێنانەی کە پێشتر بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کرابوونەوە دادەخرێن، جگە لە دەرمانخانەکان.
چوارەم/ لە رۆژانی هەینی (بازاڕە میللیەکان، گۆڕەپانەکانی باڵندە، پیشانگاکانی ئۆتۆمۆبێل، هاوینە هەوارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان) بەتەواوی دادەخرێن و هاتووچۆکردن لێیان قەدەغەیە، ئەو شوێنانەی خوارەوەش تاوەکو 2020.7.3 بە داخراوی دەمێنەوە:
مزگەوت و کەنیسە و شوێنە ئاینییەکان، دانانی پرسە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی لە (هۆڵ، ماڵ، لەژێرخێوەت) لەگەڕەک و ماڵ و شوینە گشتییەکان، هۆڵەکانی ئاهەنگ گێران، یانەی شەوانە، نێرگەلەکێشان، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، گەرماو (حەمام)، هۆڵەکانی بووکگواستنەوە، هۆڵە کۆمەڵایەتییەکان، هۆڵەکانی وەرزشی، سەنتەرەکانی لەشجوانی، مەلەوانگە، باخچە گشتییەکان، پارکەکان، سەوزاییەکانی ناو گەڕەک و کۆڵانەکان).
پێنجەم/ سەرجەم چایەخانە و کافتریا و گازینۆ و ڕیستۆرانتی باخچەکان و شوێنە گەشتیارییەکان تاوەکو 2020.7.3 دادەخرێن، چێشتخانەکان کراوە دەبن و تەنها بۆیان هەیە بە دیلیڤەری (سەفەری) خورادن بفرۆشن.
شەشەم/ کردنەوەی نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگا پزیشکییەکان ئارەزومەندانە دەبێت و ئەوانەشی کراوە دەبن دەبێت ئەو مەرجانەی خوارەوە یان تێدابێت:
- کردنەوەی نۆڕینگەکان لە کاتژمێر (3)ی دوای نیوەڕۆ بۆ (6)ی ئێوارە دەبێت.
ـ لە هۆڵی چاوەڕوانی لە چوار نەخۆش زیاتری لێ نەبێت و نێوانی هەر یەکەیان دوومەتر کەمتر نەبێت.
ـ پزیشک دەستکێشی لەدەست بێ و ماسک ببەستبێ.
ـ نەخۆش یەک هاوەڵی زیاتر لەگەڵ نەبێت و هەردوکیان ماسکیان بەستابێ.
ـ ڕۆژانە نۆڕینگە و سەنتەر و کۆمەڵگاکان (تعقیم) بکرێن.
ـ لەو ماوەیەدا لە(کاتژمێر 3 بۆ 6) لە (10) نەخۆش زیاتر نەبینرێت.
حەوتەم/ هۆشداری دەدەینە سەرجەم شۆفێرانی (تەکسی، پاس، مینی پاس) پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان بن و خۆیان و سەرنشینەکانیان (ماسک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، بەبێ چاوپۆشی کردن لە کەس، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە و بە بڕی(50) هەزار دینار غەرامە دەکرێت.
هەشتەم/ هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێ بەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروست نەکردنی قەرەباڵغی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەتەکان ڕاسپێردراون، هەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت، بۆ ماوەیەک کە لە یەک هەفتە کەمتر نەبێت.
نۆیەم/ هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و (ماسک و دەستکێش) ببەستن، ئەگەر نا ناچار دەبین قەدەغەی هاتووچۆی تەواوەتی ڕابگەێنین، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەم دۆخە ناهەموار و مەترسیدارەدا بەو پەڕی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی لە پێناو سەلامەتی خۆیان و هاوڵاتییان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن.
دەیەم/ سەرجەم قایمقامیەتیەکان دەسەڵاتی تەواویان پێدەدرێت بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی، لە کاتی پێویستیش بۆیان هەیە لە سنوری خۆیان کەرەنتین و قەدەغەی تەواو ڕابگەیەنن.
یازدەهەم/ ئەم بڕیارانە کاتژمێر 12ی شەوی 26 لە سەر 27 ی 2020.6 دەکەونە بواری جێبەجێکردن.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر
2020.6.25
باسنيوز
