لەبارەى تووشبوونى راگیراوێک بە کۆرۆنا لە چاکسازیى ژنانى هەولێر روونکردنەوە دەدرێت
لەمبارەوە تەیب عەبدولعەزیز بەڕێوەبەرى چاکسازیى ژنان و نەوجەوانانى پارێزگاى هەولێر راى گەیاند: "تەنیا ئافرەتێکى راگیراو لە چاکسازیى ژنان و نەوجەوانانى هەولێر تووشى پەتا کۆرۆنا بووە، کە ماوەیەکە لایان راگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ بە بڕیارى دادوەرى لێکۆڵینەوە دۆسیەکەى داخرا و ئازاد کرا، بەهۆى ئەوەى دۆسیەکەى یەکلا بووەوە، نەک لەبەر تووشبوونى بە پەتاى کۆرۆنا".
راشی گەیاند: "ئەو کەسە لەو ماوەیەى کە لاى ئێمە راگیرابوو بۆ پشکنین و چەند رێککارێکى دیکەى دادگایى چەندین جار سەردانى نەخۆشخانە و چەند شوێنێکى دیکەى کردووە، رەنگە لە ئەنجامى بەرکەوتنى بە کەسانى دەرەوە تووشى پەتاکە بووبێت".
روونیشى کردەوە: "پشکنین بۆ تەواوى کارمەندانى چاکسازیى ژنان و نەوجەوانانى هەولێر کراوە، پشکنینەکان نێگەتیڤ دەرچوون و هیچ کەسێک تووشى پەتاکە نەبووە، سەبارەت بە راگیراو و سزادراوانیش بە هەمان شێوە هیچ کەسێک تووشى کۆرۆنا نەبووە".
باسنیوز
