لە كەركووك بەشێك لە پیشەوەرانی ناوچەیەكی پیشەسازی خۆپیشاندانیان کرد

لە كەركووك بەشێك لە پیشەوەرانی ناوچەیەكی پیشەسازی خۆپیشاندانیان کرد
لە شاری كەركووك دژی ڕێگرتن لە كارەكانیان، بەشێك لە پیشەوەرانی كورد لە ناوچەیەكی پیشەسازی خۆپیشاندانیان لە دژی ئیدارەی سەپێندراوی كەركووك ئەنجام دا.

محەمەد ئەحمەد، پیشەوەرێكی ناوچەی پیشەسازیی نزیك گەراجی سلێمانییە لە كەركووك، ڕایگەیاند: "ڕاكان جبووری ماوەیەكە هەوڵ دەدات لە دووكانەكانمان دەرمان بكات، بەبیانوی جۆراوجۆر كە ئەم ناوچە پیشەسازییە نزیكەی 30 ساڵە هەیە، بەڵام ئەو دەزانێ ئێمە كوردین بۆیە داوا دەكات دووكانەكانمان چۆڵ بكەین و بڕۆین لە ناوچەی پیشەسازیی نوێ كە بڕیارە بكرێتەوە كار بكەین و ئەو شوێنەش بەكەڵكی ئێمە نایەت و دوورە لە شارەوە".

گوتیشی: "بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/6/2020، وەكوو پیشەوەرانی ناوچەكە خۆپیشاندانێكمان لە دژی ئەو بڕیارەی ئیدارەی كەركووك كرد، كە داوای كردووە لە چەند رۆژێكی كەمدا دووكانەكانمان چۆڵ بكەین و ئیتر كار نەكەین".

پێشتریش ڕاكان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، بڕیاری ڕووخاندن و چۆڵكردنی چەند بازاڕێكی سنووری ناوچە كوردنشینەكانی بەبیانووی جۆراوجۆر داوە.














باسنیوز




Top