ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك: دۆخی تەندروستیی شارەکە ناجێگیرە
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25/6/2020، جوان زەنگەنە، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی لەم چەند رۆژەی ڕابردوودا تووشی پەتای كۆرۆنا بووم لەگەڵ مێردەكەم، لەو كاتەوە تا ئێستا لە ماڵی خۆمان، خۆمان كەرەنتین كردووە و نەچووینەتە نەخۆشحانە، چونكە لە نەخۆشخانە قەرەباڵغییەكی زۆر هەیە و ئێستاش ماوەی كەرەنتینەكەمان تەواو نەبووە بۆ ئەوەی پشكنینێكی ترمان بۆ بكرێت تاوەكوو بزانرێ لە پەتاكە چاك بووینەتەوە یاخود نا".
هاووڵاتییانی كەركووك، كەرتی تەندروستیی لە شارەكە بە كەمتەرخەم دەزانن كە نەیانتوانیوە رێگر بن لە تەشەنەكردنی پەتای كۆرۆنا و لەبارەی دۆخی كەرەتی تەندروستیی كەركووكیشەوە، جوان زەنگەنە، گوتی: "دۆخی كەرتی تەندروستی لە كەركووك خراپە".
لە شاری كەركووك تا ئێستا 922 كەس تووشی پەتای كۆرۆنا بوون و و 272 كەسیان چاك بوونەتەوە و 32 كەسیشیان گیانیان لەدەست داوە.
بەپێی زانیارییەكان، ئێستا تووشبوانی پەتای كۆرۆنا دوو نەخۆشخانەی كەركووكیان بۆ تەرخان كراوە، بەڵام بەهۆی كەمتەرخەمیی كەرتی تەندروستی لە شارەكە و نەچوونە هانای تووشبوانی ئەو پەتایە، بەتایبەت لە رۆژانەی رابردوودا وێنەی هاووڵاتییەك لە یەكێك لە ژوورەكانی نەخۆشخانەی تایبەت بە كۆرۆنا بڵاو بووە كە هیچی لەبەر نییە و لە ئازاری گیانیدا لەسەر قەروەێڵەكە كەوتووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست داوە، بەهۆی ئەوەی هیچ كارمەندێكی تەندروستی ئاگایان لێی نەبووە، بۆیە تووشبوانی كۆرۆنا ئێستا زیاتر لە ماڵەكانیان، خۆیان كەرەنتین دەكەن.
باسنیوز
