پەرلەمانتارێك: دژبەرانی چاكسازی دەیانەوێت كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەتەکان بۆ مووچە بە چاكسازی پیشان بدرێت

پەرلەمانتارێك: دژبەرانی چاكسازی دەیانەوێت كەمكردنەوەی بودجەی وەزارەتەکان بۆ مووچە بە چاكسازی پیشان بدرێت
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند دژەكانی چاكسازی دەیانەوێت پرسی کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتەکان كە رێكارێكی كاتییە، ببەستنەوە بە پرسی چاكسازیی و وا لە خەڵك بگەیەنن چاكسازی دژی مووچەی ئەوانە، بەڵام بەم جۆرە نییە.

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "ئەو كەمكردنەوەیەی بودجەی وەزارەتەکان كە لەلایەن حكوومەتەوە بڕیاری لێ دراوە، پەیوەندیی بە یاسای چاكسازییەوە نییە، بەڵكوو تەنها بابەتێكی كاتتیە و بۆ یەك مانگە و بەهۆی كورتهێنانی پارەی مووچەیە".

ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "یاسای چاكسازی لە سەرەتای مانگی حەوتەوە بە كرداری دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، خەڵكانێك بەرژەوەندییان لە چاكسازی نییە و كارەكانیان هەمووی گەندەڵییە، دەیانەوێت وێنەكە ناشیرن پیشان بدەن، بۆیە بەو كەسانە دەڵێن یاسای چاكسازی بەرەو جێبەجێكردنە و پەشیمانبوونەوەی بۆ نییە، بۆیە دژەكانی چاكسازی دەیانەوێت پرسی کەمکردنەوەی بودجەی وەزارەتەکان كە رێكارێكی كاتییە، ببەستنەوە بە پرسی چاكسازی و وا لە خەڵك بگەیەنن چاكسازی دژی مووچەی ئەوانە".

ئەرشەد لۆلانی ڕاشی گەیاند: "فەرمانبەران دڵنیا دەكەینەوە چاكسازی لە بەرژەوەند ئەوانە و یاسای چاكسازی بۆ نەهێشتنی گەنەدەڵی و كەمكردنەوەی بندیوار و زیادكردنی دادپەروەرییە، بۆیە داوا لە فەرمانبەران دەكەم بە موزایەدە هەڵنەخەڵەتێن، خەڵكانێك دەیانەوێت بۆ بەرژوەندیی تایبەتیی خۆیان چاكسازی نەكرێت، بۆیە با فەرمانبەران دڵنیا بن چاكسازی لە قازانجی ئەوانە و سوودی بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان دەبێت".

لۆلانی جەختیشی كردەوە: "ئەوان لە پەرلەمانی كوردستان چاودێری جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن و ئەو پەیڕەوەی بۆ جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەركراوە ئێمە ئاگاداری بووین، لە مانگی داهاتووشدا یاساكە كە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و ئێمە چاودێریی قۆناغەكانی جێبەجێكردنی دەكەین".












باسنیوز




Top