شوان زراری: مانگەكانی داهاتوو یاسای چاكسازی جێبەجێ دەكرێ و كاریگەریی زۆر دەبێت

شوان زراری: مانگەكانی داهاتوو یاسای چاكسازی جێبەجێ دەكرێ و كاریگەریی زۆر دەبێت
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند، لە مانگەكانی داهاتوودا یاسای چاكسازی جیبەجێ دەكرێت و كاریگەرییەكی زۆریشی لەسەر بەدیهێنانی دادپەروەری دەبێت.

شوان زراری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە نووسینێكدا كە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە: ”به‌درێژایی مێژووی حوكمڕانێتیی وڵاتانی جیهان، هه‌میشه‌ ئه‌و كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ی حوكمی وڵاته‌كانیان كردووه‌، دووچاری لێشاوێك له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قورسی نه‌یاره‌كانیان بوونه‌ته‌وه‌“.

ڕوونیشی كردەوە كە دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێکی گرنگ دران کە رێگە چارەیەك بدۆزرێتەوە چیتر مووچەی فەرمانبەران دوانەکەوێت و لەو بڕە داھاتەی لە ژێر دەستە مووچە دابەش بکرێت، سەرەڕای ئەوەی کە کورتھێنانی تێدا ھەبووە، دوای گفتوگۆیەتی درێژ، هەمووان لەسەر بڕیارەکە کۆکبوون كە دواتر بڕیاری کۆتایی مووچەی پلە باڵاکان و ھەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتاران و سەرجەم خانەنیشینی ئەو چینانە بە رێژەی ٥٠٪‏ كەم بكرێتەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد كە ”هەندێك حزب دەستیان داوەتە موزایەدەکردن و هەواڵی چەواشەکارانە بڵاو دەکەنەوە، وەك دەبینین کە خەریکە بابەتەکە بە لاڕێدا دەبردرێت و چەواشە دەکرێت لە لایەن هەندێك لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاران وەک پیشەی ھەمیشەییان دەستیان داوەتەوە کارە قێزەونەکەیان، بۆیە لێرەدا دەیڵێم، لەوە دڵنیا بن ئەو کەسانە لە خەمی میللەت و فەرمانبەراندا نین، بەڵـکوو لە خەمی مووچەکەی خۆیانن، چونکە ئەم بڕیارەی دراوە گەورەترین زەرەر لە گیرفانی ئەوان دەدرێت، نیوەی مووچەکانیان لێ کەم دەکرێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دراوە تەنها لە قازانجی چینی مووچەخۆری ئاسایی حکوومەتە“.

لە كۆتاییشدا ئەو زانیارییانەی دووپات كردۆتەوە كە باس لەوە دەكەن، بڕیارەكەی تایبەت بە مووچە ”تەنها بۆ ئەم مانگە دەبێت و بۆ مانگەکانی داهاتوو یاسای چاکسازی دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە کە دڵنیا بن کاریگەریی زۆی دەبێت لە نەهێشتنی نادادپەروەری و کەمکردنەوەی خەرجی و زیاترکردنی داهات. بۆیە هیچ پێویست ناکات راستییەكان بگۆڕن و هەواڵی درۆ و چەواشەکارانە بڵاو بکەنەوە، تەنها چاوه‌ڕوان بن“.












باسنيوز




Top