مه‌سرور بارزانى سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ده‌كات

مه‌سرور بارزانى سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ده‌كات
ئەمڕۆ دووشەممە 2020/6/22 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و ئەندامانی شاندی دانوستان بەشدار بوون، گفتوگۆ دەربارەی دەرئەنجامی دانوستان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور کرا بۆ گەیشتن بە ئەنجام و ڕێککەوتن بە ئاراستەی دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە ئامادەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان بەشێوەیەکی بنەڕەتی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی خۆمان بەرامبەر بە دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانمان بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی هەر لایەک دیار بێت و جێی ڕەزامەندی هەردوولا بێت"، مه‌سرور بارزانى ئاماژەی بەوەش دا کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراقدایە و فاکتەرێکی گرنگیشە بۆ هێنانەدی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکی حکوومەت سبەی سێشەممە 2020/6/23 سەردانی بەغدا بکات.









باسنیوز
Top