توركیا: لە هێرشەکانمان بۆ سەر خاکی هەرێمي كوردستان، چاوەڕوانی هەماهەنگى لە عێراق دەکەین

 توركیا: لە هێرشەکانمان بۆ سەر خاکی هەرێمي كوردستان، چاوەڕوانی هەماهەنگى لە عێراق دەکەین
وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى توركیا لە وەڵامی ناڕەزایەتییەكانى وەزارەتى دەرەوەى عێراق لەسەر ئۆپراسیۆنەكانى سوپاى توركیا رایگەیاند، لە بەرەنگاربونەوەیان دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە) چاوەڕێى هەماهەنگى و هه‌نگاونان لە عێراق دەكەن.

بەپێی ئاژانسی ئەنادۆڵی فەرمی تورکیا، حامى ئاكسۆى، وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى توركیا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ ناڕەزایەتییەكانى وەزارەتى دەرەوەى عێراق دژی هێرشەکانی سوپای تورکیا، رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەكانى "چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ كە لەلایەن سوپاى توركیاوە لە ناوچەكانى باكورى عێراق بەڕێوەدەچێت، پەكەكە دەكاتە ئامانج كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى نیشتیمانى توركیا".

چاوەڕێى هەماهەنگى و هه‌نگاونان لە چوارچێوەى خۆگونجاندن لە عێراق دەكەین

ئاماژەی بەوەشکردوە، لە هێرشەکانیان دژى پەكەكە، چاوەڕێى هەماهەنگى و هه‌نگاونان لە چوارچێوەى خۆگونجاندن لە عێراق دەكەن، "ئەم بابەتانە لە لایەن باڵیۆزى گشتیى وڵاتەكەمان لە بەغدا وه‌بیر لایەنە پەیوەندیدارەكانى عێراق هێنراوەتەوە".

دوێنێش فڕۆكەكانی توركیا هاوڵاتیانی مەدەنیان كردوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار هاوڵاتی گوندی سیدان لە سنوری ناحیەی شیلادزێ شەهیدبون

ماوەی هەفتەیەکە سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر چەند ناوچەیەکی خاکی هەرێمی کوردستان دەستپێکردوە، دوێنێش فڕۆكەكانی توركیا هاوڵاتیانی مەدەنیان كردوەتە ئامانج و بەوهۆیەوە چوار هاوڵاتی گوندی سیدان لە سنوری ناحیەی شیلادزێ شەهیدبون و بەهۆی سوتاوی جەستەشیانەوە نەتوانراوە تەرمی یەكێكیان بناسرێتەوە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی توركیای له‌به‌غدا كردوه‌ و ئیدانه‌ی پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و خاك و ئاسمانی عێراقی كردوه‌

16ی ئەم مانگە، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، بانگهێشتی فاتح یه‌ڵدز، باڵیۆزی توركیای له‌به‌غدا كردوه‌ و ئیدانه‌ی پێشێلكردنی سه‌روه‌ری و خاك و ئاسمانی عێراقی كردوه‌، نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیشی ئاڕاسته‌ی ئه‌و وڵاته‌ كردوه‌.

عه‌بدولكه‌ریم هاشم، بریكاری پێشكه‌وتوی وه‌زاره‌تی دەرە‌وه‌ی عێراق بە باڵیۆزی تورکیای راگەیاندوە، توركیا سه‌رپێچی له‌رێکكه‌وتننامه‌ و بنه‌مای یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و رێزگرتنی هاوبه‌شی نێوانیان كردوه‌.







خەندان
Top