قایمقامی سۆران: بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان بە زیانی كورد تەواو بووە
ساڵی رابردوو بە هۆی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیاوە، هەزار و 342 دۆنم دارستان و رەز و باخی جووتیارانی دەڤەری سیدەكان سووتا، ئەمساڵیش زیاتر لە 800 دۆنم لە رەز و باخی جووتیاران و پوش و پاوانی ناوچەكە سووتاوە.
حاجی رەسووڵ، هاووڵاتییەكی ئاكرێیە و لەبەر نەمانی لەوەڕگا ناچار بووە بێتە دەوروبەری سۆران، گوتی: "كوێستانەكانمان بەجێ هێشتووە و بە ناچاری لە دەوروبەری سۆران رەشماڵمان هەڵداوە، رەوشی ناوچە سنوورییەكان زۆر خراپ بووە، پوش و پاوان نەماوە هەمووی سووتاوە".
ئەحمەد سمایل، كە خەڵكی هەریرە و كوێستان و گەرمیان دەكات، گوتی: "لەوەڕگای ناوچە سنوورییەكان لەناو چوون و هەمووی سووتاوە، ئەوەش ئێمەی ناچار كردووە كە بگەڕێنەوە و بەو هاوینە كۆچی پێچەوانە بكەین، داواش لە پەكەكە و توركیا دەكەین ئەو شەڕەی لە ناوچە سنوورییەكان دەیكەن، لەسەر خاكی خۆیان بیكەن، بۆ ئەوەی چیدیكە خەڵكی هەرێم و رەوەند و كۆچەرەكان نەبنە قوربانیی دەستی ئەوان".
خدر عەبدوڵڵا، هاووڵاتییەكی سۆرانە، ئاشكرای كرد: "لەبەر پەكەكە و تۆپبارانی وڵاتانی دەوروبەر، ئەوەی هەمان بووە هەمووی لەناو چووە، زیاتر لە 140 پوورە هەنگم هەبوون، هەمووی سووتاون و بوونەتە خەڵووز، هەروەها رەز و باخێكی زۆری هاووڵاتیان سووتاوە، پارچەزەویمان بە كرێ گرتووە و شیناییمان كردووە، ئێستا ناوێرین بچین ئاوی بدەین و بەروبوومەكەی لێ بكەینەوە، هەمووی وشك بووە و لەناو چووە، ئەوەش هۆكارەكەی بۆ بوونی پەكەكە لەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، چونكە ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبێت، توركیاش ناوچەكە بۆردوومان ناكات".
كرمانج عیززەت، قایمقامی شارۆچكەی سۆران، دەڵێ: "بوونی پەكەكە لە سنووری سیدەكان شتێكی ناشەرعییە، كە وای كردووە رۆژانە توركیا ناوچەكە تۆپباران بكات و خەڵكی ئێمە شەهید بكات و زیانی ماددی بەر گوندنشینان بكەوێت، ئەوەش هەمووی هۆكارەكەی پەكەكەیە، چونكە ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبێت، توركیاش نایەتە پێشەوە و ناوچەكە بۆردوومان ناكات".
قایمقامی شارۆچكەی سۆران گوتیشی: "لە ساڵی 1991ـەوە پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی كوردستان بوونی هەیە، تا ئێستا نەیتوانیوە یەك گوند لە باكووری كوردستان ئازاد بكات، بۆیە بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان بە زیانی كورد تەواو بووە، چونكە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمدا نەماون، رۆژانە ئێران و توركیا ناوچەكە تۆپباران دەكەن، خەڵكی ئێمە شەهید و بریندار دەكەن، تا ئێستا بە هەزاران دۆنم پۆش و پاوان و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتاوە، كە زیانەكان بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێن، جگە لەوە زیانێكی زۆری لە كەرتی گەشتیاری داوە، چونكە ئەگەر پەكەكە لەو ناوچانە نەبایە، حكوومەتی هەرێم دەستی ئاوەدانیی بۆ ئەو ناوچانە درێژ دەكرد و بە دەیان شوێنی گەشتیاری دروست دەكران، بەوەش رۆژانە گەشتیارێكی زۆر رووی تێ دەكردن، بەڵام ئێستا لەبەر پەكەكە نەك گەشتیاران، بەڵكوو خەڵكەكەشی ناوێرن بگەڕێنەوە سەر گوند و ئاواییەكانی خۆیان، لە كۆی 263 گوندی سنووری سیدەكانیش تەنیا 138 گوند ئاوەدانن، هەروەها لە ساڵی رابردووەوە تا ئەمڕۆ 5 گوندی دیكەش چۆڵ كراون، واتە زیاتر لە 130 گوندی ناوچەكە چۆڵ كراون و مەترسیی چۆڵبوونی 20 گوندی دیكەش دەكرێت، هەروەها لە ساڵی 1991 ـەوە تا ئەمڕۆ زیاتر لە 200 شەهید و زیاتر لە 500 بریندار هەبوونە".
kdp -
