وەزارەتی خوێندنی باڵا بەهۆی پشووی هاوینە ڕاییکردنی هەندێک مامەڵە ڕادەگرێت
یەکێک لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵات بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە، ڕاگەیاند، بە مەبەستی یەکسانکردنی بڕوانامەکەی ماوەی چەند مانگێکە لە ڕێگەی سیستەمێکی ”بەناو ئەلیکترۆنی“یەوە داواکاریی پێشکەش بە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە و چەندان جاریش سەردانی وەزارەتەکەی کردووە، بەڵام جگە لەوەی کارەکەی بۆ ئەنجام نەدراوە، ”ئەمڕۆ پێیان گوتم کە بەهۆی پشووی هاوین، سیستەمەکەمان ڕاگرتووە و تا مانگی ٩ کارا ناکرێتەوە و مامەڵەکانیشت رایی ناکرێت“.
لەمبارەیەوە د. جوان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەو زانیارییە ڕاستە و سیستەمەکە داخراوە، چونکە ئەو مامۆستایانەی لە لێژنەی یەکسانکردنی بڕوانامەکانن، مامۆستای زانکۆن و پشووی ھاوینەیان لە ١\٧\٢٠١٩ تا ١\٩\٢٠١٩ دەست پێ دەکات“.
لەبارەی دانانی جێگرەوەیەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکان، ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە گوتی: ”ئەوە ناکرێت، لەبەر ئەوەی چەند لێژنەیەک بۆ یەکسانکردنی بڕوانامەکان ھەن، یەک کەس و دە کەس نین، باشە بە کێ قەرەبوو دەکرێنەوە؟“.
ڕوونی کردەوە کە کارەکان لێژنەکان دەیکەن و ئەوانیش لە پشوودان، لەبەر ئەوە تا ھاتنەوەی مامۆستایەکان، کارەکانی لێژنەکانیان دەوەستێنرێت. گوتیشی: ”هەموو ساڵێک ئەم پشووە هەیە“.
جوان جەلال باسی لەوە کرد کە دواکەوتنی مامەڵەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان کاریگەری لەسەر ئەو کەسانە نابێت کە داوای یەکسانکردنەکە دەکەن، چونکە ”ئەگەر مامەڵەی یەکسانکردنی کردبێت، ئەوا ڕاستەوخۆ نووسراوێکی فەرمی بۆ ئەو شوێنە دەکەین کە خاوەن بڕوانامەکەی لێیە، پێی ڕادەگەیەنین کە مامەڵەی پێشکەش کردووە، لە پرۆسەی یەکسانکردندایە و پشتگیریش دەدرێتە ھەمووان“
bas news -
