پەرلەمانتارێکی مەسیحی: سەرۆک بارزانی بە مەرجەعی هەموو کورد و پێکهاتەکان دەزانین
کلارا عۆدیشۆ، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاشووری سریانی کلدانی لە پەرلەمانی کوردستان ڕاگەیاند: "وەک نوێنەری پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووینەوە، گەورەترین شانازییە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، ئێمە لە کوردستان شانازیی بە ئەو ئارامی و ئاسایشە دەکەین کە هەیە کە بێ ترس و کێشە لە هەرێمی کوردستان دەژین".
دەشڵێ: "ئێمە سەرۆک بارزانی بە مەرجەعی هەموو کورد و پێکهاتەکان دەزانین بە هەبوونی سەرۆک بارزانی هەمیشە مافی پێکهاتەکان پارێزراوە لە کوردستان".
ڕاشیگەیاند: "لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی کاردەکەین بۆ ئەوەی لە ڕووی یاساییەوە کارێک بکەین کە مافی سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراو بێ لەگەڵ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەی کە ئێستا هەیە".
گوتیشی: "سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە لە کوردستان هیچ کێشەیەکی سیاسیمان نییە بەڵام کێشەی زەویی مەسیحییەکانمان هەیە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای دهۆک ، ئێمە ئەو کێشانەمان گەیاندە سەرۆک بارزانی و بەڵێنی دا کێشەکە چارەسەر بکات".
جەختیشیکردەوە" سەرۆک بارزانی بەڵێنیدا لە کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی ، کێشەی زێدەڕۆیی سەر زەویی مەسیحییەکان چارەسەر بکرێت"
گوتیشی: "ئێمە وەک پێکهاتەکان بەگشتی پشتیوانیی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەت و مەسرور بارزانی دەکەین و بەهیواین نەک تەنیا کێشەی مەسحییەکان بەڵکو کێشەی پێکهاتەکانی دیکەش چارەسەربێت".
بەپێی گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا بە نوێنەری پێکهاتەکانی ڕاگەیاندووە کە لە چوار ساڵی داهاتوو کوردستان دەبێتە خاوەن دەستوور و مافی پێکهاتەکان بە تەواوی دەپارێزرێ، بەڵێنیشیداوە کە دەستوور بێ ڕازیبوونی پێکهاتەکان دەرباز نابێت.
bas news -
