بنەماڵەی سێوان قادر داوای دەستگیركردنەوەی تۆمەتبارێكی دۆسیەكە دەكەن

بنەماڵەی سێوان قادر داوای دەستگیركردنەوەی تۆمەتبارێكی دۆسیەكە دەكەن
قایمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێ بەو هۆیەی دۆسیەی سێوان قادر(ئەو ئافرەتەی کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو لە چەمچەماڵ لەگەڵ منداڵەکانی سووتا و گیانی لەدەست دا) لە سنوورەكەمان نەماوە، ئەگەر زانیاریشمان هەبێ حەقی پێدانیمان نییە.



ڕەمەك ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ ڕاگەیاند: "هەر دۆسیەیەك كە دەچێتە دادگا بە فەرمانی كەس ناوەستێندرێت، لێژنەیەك لەلایەن وەزیری ناوخۆوە بۆ دۆسیەكە پێكهێندراوە، لەبەر هەستیاریی بابەتەكە و تێكنەچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی ،دۆسیەكە نێردراوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی سلێمانی".



سەبارەت بە هەمان بابەت،سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاند: "ئەو پەڕاوە بە سیفەتی تەمیزی ئێستا لە دادگای تاوانەكانی سلێمانییە و كەسوكاری سێوان قادر داوای سەرلەنوێ دەستگیركردنەوەی ئەو ژنە دەكەن كە لە دۆسیەكەدا هەبوو و دواتر ئازاد كراوە".



ڕوونیشیكردەوە: "پەڕاو و گوتەکان زیاتر لە مانگێكە لە دادگای تەمیزە و هیچ شتێكی نوێی لەسەر نییە، بەڵام ئەگەر پەڕاوەکان بگەڕێنەوە، بڕیاری دادگا چی بێت ئێمە جێبەجێی دەكەین، هەروەها هەر زانیاری و بەڵگەیەكی نوێ لەلایەن كەسوكاری سێوان و پارێزەرەكانی هەبێت لەگەڵ دۆسیەكە هاوپێچی دەكەین".


شەوی یەكشەممە(١٦-١٢-٢٠١٨) لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شارۆچکەی چەمچەماڵ ئافرەتێک بەناوی سێوان قادر لەگەڵ سێ منداڵی سووتان و منداڵەکانی دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا و خۆیشی ڕۆژی(٢٤-١٢-٢٠١٨) گیانی لەدەست دا.

bas news -
Top