ھێنانی ئۆتۆمبێلی لێدراو راگیرا

 ھێنانی ئۆتۆمبێلی لێدراو راگیرا

لە دوو مانگی رابردوو وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بڕیاری قەدەخەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدراو و ژێرئاوكەوتووی بۆ بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەركرد، ئەمڕۆش لەسەرجەم دەروازە سنورییەكان بڕیارەكە كەوتە واری جێبەجێكردنەوە و لە دەروازی سنووری باشماخ رێگە نەدراوە ھیچ ئۆتۆمبێلێك بھێندرێتە كوردستان.

شاخەوان بەكر، بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی گومرگی باشماخ راگەیاند: "لە كاتژمێر 12ی شەوی رابردووەوە بڕیاری قەدەخەكردنی ھاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی لێدرا و ژێرئاو كەوتوو لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكان كەوتووەتە واری جێبەجێكردنەوە".

گوتیشی: "دوای ئەوەی بڕیارەكە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ دەرچوو، دوو مانگ وەك مۆڵەت درایە بازرگان و ھاووڵاتیان، بۆ ئەوەی ئەوانەی ئۆتۆمبێلیان كڕیوە بیگەیەننە شوێنی مەبەست".

بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی گومرگی باشماخ راشیگەیاند: "دوای جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ھەر ئۆتۆمبێلێك لە دەروازەكان بێتە ناو ھەرێمی كوردستان و كێشەی ھەبێت، رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
k24-
Top