لێژنەی نەوت و غاز: دروستنەکردنی پاڵاوگە لە کەرکووک ھۆکاری سیاسییە
ئەمڕۆ دووشەممە ١\٧\٢٠١٩ بەشێک لە شۆفێرانی ناڕازی لە شاری کەرکووک ڕژانە سەرشەقام و بەرامبەر بە دروستبوونی قەیرانی بەنزین ناڕەزایەتییان دەبڕی.
لە بەرامبەردا فوئاد حوسێن، ئەندامی لێژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ڕاگەیاند: کەرکووک لەسەر دەریایەک نەوتە، ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٧ بڕیاری دروستکردنی پاڵاوگەیەکمان لە کەرکووک دەرکرد، بەڵام تا ئێستا دەستی دەستی بەو بڕیارە دەکرێت و ھۆکارەکەشی سیاسییە، نەک تەکنیکی".
ڕوونیشی کردەوە: "ھۆکاری نەبوون و کەمیی بەنزین لە کەرکووک، نەبوونی پاڵاوگەیە لە شارەکەدا، بۆیە ناوە ناوە قەیرانی بەنزین دروست دەبێت و خەڵکی کەرکووک بە دۆخێکی دژوار و پڕ لە فشاردا تێدەپەڕن، لەلایەک سەدان خێزانی عەرەب بۆ شارەکە ڕاگوێزراون و نفووسیان کراوە بە کەرکووک، لەلایەکی دیکەشەوە کورد تەعریب دەکرێن".
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە گرنگی دەزانێت "نێوماڵی کورد یەک بگرێت، بە ھەموو لایەکەوە ھەوڵی دروستکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەن، دواتر شاندێکی دانوستانکاری بەھێز بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر بابەتی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک پێک بھێندرێت، ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بەسەر کەرکووکدا ھاتووە، بیگەڕێننەوە دۆخی خۆی".
باسنيوز
