مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی هێزی هاوپەیمانان دەکات ‌

 مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی هێزی هاوپەیمانان دەکات ‌
ئه‌مڕۆ دووشەممە 1ی ته‌مووز، مه‌سرور بارزانی، راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی له‌ شاندێکی باڵای سەربازیی هێزی هاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی جەنەڕاڵ گرنک ویچ، جێگری فەرماندەی فه‌رمانده‌یی گشتی تیمی هاوبه‌شی ئۆپه‌راسیۆنه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌ عێراق و سووریا كرد.



له‌م دیدارەدا پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان تاوتووكرا.



لەمیانەی دیدارەکەدا مەسرور بارزانی، وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵ و کاریگەری هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و بەدەستهێنانی دەستکەوتە سەربازییەکان، دووپاتی لە پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەمەلایەنەی نێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستان و هاوپەیمانان کردەوە.



لەبەرانبەردا شاندی باڵای هاوپەیمانان، وێڕای سوپاسکردنی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگییەکان، هیوای سەرکەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە سەرۆکایەتی کردنی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دووپاتیشیان کردەوە، کە بەردەوامی هەماهەنگییەکان رۆڵی خۆی دەبینێت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستان.



لەپەیوەست بەم بابەتەوە جەخت لەسەر جێگیرکردنی میکانیزمی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان بۆ روبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان کرایەوە.









باسنيوز
Top