وەقفی شیعی لەسەر چیای خورماتوو مەزارێك دروستدەكات
حەسەن زەین عابدین، قایمقامی قەزای خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "وەقفی شیعی لەسەر ئەو زەویەی موڵكدارییەكەی بۆ خۆی دەگەڕێتەوە و دەكەوێتە سەر چیای خورماتوو، بە هاوكاری دانیشتووانی ناوچەكە دروستكردنی مەزارێكی بۆ ئیمام عەلی دەستپێكردووە، پڕۆژەكەش حكومی نییە و خەڵكەكە بە پارەی خۆیان دەیكەن".
حەسەن زەین عابدین هەروەها گوتی "ئەوەی جێگای سەرنجە لەو پڕۆژەیەدا ئەوەیە کە هاوئاهەنگییەكی باش لەنێوان ئێمە و برایانی كوردی دانیشتووی كەناری چیایەكە هەیە. ئەوانیش هەر خەڵكی دووزن، بەڵام ئەوە واقیعی ئەمڕۆیە، لێرە برایانی كورد و توركمان و عەرەب و سوننە و شیعە لە دووز هاوئاهەنگی باش لەنێوانیان هەیە".
گوتیشی "ئەو پڕۆژەیە هەروەها لەڕووی جووڵەی بازرگانیشەوە سودی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەكە دەبێت. بەڵێ پڕۆژەی خەڵكەكەیە و بەپارەی خۆیان لەسەر زەوی وەقفی شیعی لەسەر چیای خورماتوو مەزاری ئیمام عەلی دروستدەكەن و پێیدەڵێن مەرسا عەلی، سێ رۆژیشە پڕۆژەكە دەستیپێكراوە".
رووداو
