پەکەکە هەڕەشە و سەر بڕینی کوشتن لە ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەکات

 پەکەکە هەڕەشە و سەر بڕینی کوشتن لە ڕۆژنامەنووسێکی کورد دەکات


نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی کوردی سۆڤیەتی پێشوو ئاشکرای کرد کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)وە هەڕەشەی کوشتنی لێ دەکرێت.



هەژارێ شامیل، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی کوردی سۆڤیەتی پێشوو، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”پەکەکە هەڕەشەی کوشتنم لێ دەکات“.



ڕوونیشی کردووەتەوە: ”من خاوەن عەشیرەت نیم، لە هیچ پارتێک نیم، تەنیا نیشتمانپەروەرانی کوردستان پشتیوانیم لێ دەکەن. پێم دەڵێن کوشتنی تۆ حەڵاڵە؟ ئەوانەی کە پێیان خۆشە دوای کوشتنی من لەسەر تەرمەکەم ئەدەبیاتی وڵاتپارێزی بخوێنن، با بێدەنگ بمێنن“.



هەر لەمبارەیەوە (باسنیوز) هەوڵی دا لە هەژارێ شامیل زانیاریی زیاتر وەربگرێت، بەڵام ناوبراو هیچ وردەکارییەکی نەخستە ڕوو، تاوەکوو ئێستا پەکەکەش ئەوەی ئاشکرا نەکردووە کە بۆچی هەڕەشەی کوشتن لەو ڕۆژنامەنووسە کراوە.



هەژارێ شامیل، نووسەرێکی ناسراوی کوردە کە لە ١٦ی ٧ی ١٩٦٦ لە شاری (کەلبەجەر)ی (ئازەربایجان) لە سۆڤیەتی پێشوو لەدایک بووە، کوڕی (شامیلێ سەلیم ئەسگەرۆڤ و نازیلە مانافۆڤا (ئەسگەرۆڤا))یە، باوکی یەکێک بووە لە ڕۆشنبیرانی ناسراوی نێو سۆڤیەتی پێشوو. هەژار بە تورکیو کورمانجی، ڕووسی و ئازەری ٩ کتێبی چاپ کردووە.






باسنیوز
Top