"لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کار بۆ پێکهێنانی ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکات"
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک _گەرمیان، دیاری حوسێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک بەردەوامە لە کارکردن و گفتوگۆی خۆیان و بەردەوامیش کۆبوونەوە دەکەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی ئەو ھێزانەی لەناو کەرکووک و دەرەوەن، بکشێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و، ھێزێکی پۆلیسی پێکهاتوو لە ھەموو پێکھاتەکان ناوشار بپارێزێت و بۆ دەرەوەی شاریش ھێزێکی ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێک بهێنرێت و پارێزگاری لەو ناوچانە بکات و ئەو ھێزە ھەموو پێکھاتەکان لەخۆ بگرێت بۆ ئەوەی ھیچ پێکھاتەیەک غەدری لێ نەکرێت."
دیاری حوسێن گوتیشی: "ئەمەی ئێستا کاری بۆ دەکرێت، یەکەم جار داواکاریی ئێمە بووە و ئێستاش ھەمان داواکاری دەکەین، چونکە بەو ڕێگەیە دەکرێ کارێک بکرێت کە ھەموو پێکھاتەکانی سنووری کەرکووک پێی ڕازی بن."
حوسێن باسی لەوەش کرد: "گەشبینین بە ئەنجامی گفتوگۆکان، چونکە دووای سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، عێراق دەستی بە گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا کردووە و کار بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا دەکات، بۆیە ئومێدمان ھەیە ئەم جارە گفتوگۆکان ئەنجامی باشیان ھەبێت."
kdp -
