وەزارەتی پێشمەرگە: كوردستان هێزی فەرمی و یاسایی هەیە و دەیپارێزێت
دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕای گەیاند كە (هێزی پاراستنی جەوهەریی جەهەپە)ی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دروست كردووە، لە ناوخۆی هەرێمدا كار و چالاكی دەكەن لەمبارەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بە فەرمی هەڵوێستیان گرتووە.
لەم بارەیەوە فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان ڕاگەیاند: "زانیاریم لەسەر ئەو هێزە نییە، تەنیا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبوك) دیومە، پێشتریش لە دەڤەری گەرمیان چەند كەسێك بە هەمان شێوە لە فەیسبووكەوە ڕایان گەیاند كە دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك هەموویان دەستگیر كران".
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد: "بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر ئەو هێزە دەبێ دامودەزگای هەواڵگری زانیاریمان پێ بدەن، ئەوكاتە دەزانین ئەم بابەتە چییە".
فەریق جەبار یاوەر جەختیشی کردەوە: "لە هەرێمی كوردستاندا دەبێ تەنیا هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش كە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستانن و هێزی فەرمی و یاسایین، هەبن، هەروەها هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ ئەركیان پاراستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە".
bas nwes-
