فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور: پەکەکە بیانووی بۆردومانکردن دەداتە تورکیا

	 فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور: پەکەکە بیانووی بۆردومانکردن دەداتە تورکیا
فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ھەرێمی کوردستانی سەر بە حکوومەتی عێراق دەڵێ، بەھۆی شەڕ و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان زیانی زۆری ماددی و گیانی بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان کەوتووە و ئێمە ڕۆژانە حکوومەتی عێراق ئاگادار دەکەینەوە و حکوومەتی ھەرێمیش لەگەڵ تورکیا بەردەوام لەسەر خەتە، بەڵام ئەوان تاکە بیانوویان بۆ ئەوەی کە سنوورەکانی ھەرێم بۆردوومان دەکەن ھەبوونی پەکەکەیە لە ناوچە سنوورییەکان."



لیوا شێرکۆ زەنگەنە، فەرماندەی ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنووری ھەرێمی کوردستان، سەر بە حکوومەتی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەکو ھێزەکانی پاسەوانی سەر سنوور ڕۆژانە حکوومەتی عێراق لەو زیانانەی بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەون، لە زیانی ماددییەوە تا دەگاتە بریندارکردن و شەھیدکردنی ھاووڵاتییان ئاگادار دەکەینەوە، بەڵام تورکیا تاکە بیانووی بۆ ئەوەی کە سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان بۆردوومان دەکات، ھەبوونی پەکەکەیە لەو ناوچانە."



لیوا شێرکۆ زەنگەنە گوتیشی: "جگە لەوەش ئێمە لە ڕێگەی حکوومەتی عێراقەوە بەردەوام تورکیاش لەو پێشێلکاریانەی دەیکەن لە خاکی ھەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، چونکە زیانی زۆر بەر خەڵکی ناوچە سنوورییەکان کەوتووە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان."



زەنگەنە باسی لەوەش کرد: "حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لەگەڵ تورکیا لەسەر خەتە، بۆ ئەوەی بۆردوومان ڕابگرن، بەڵام داوا لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکان دەکەین لە پەکەکە و شوێنی بۆردوومان نزیک نەکەونەوە، لەبەر ئەوەی زیانیان بەردەکەوێت."



زەنگەنە گوتیشی: "لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو زیانی زۆری ماددی و گیانیش بەر خەڵکی ھەرێمی کوردستان کەوتووە و ئێمەش ھەموومان بەوردی بۆ بەغدا ناردووە، بەڵام ئێستا وردەکارییەکەمان لەبەردەست نییە."



kdp -
Top