هەدیە موراد: سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ كوردانی ئێزدی دووپات كردەوە
رۆژی دووشەممە ٢٤ـی٦ـی٢٠١٩ لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كچ و ژنانی ڕزگاركراو لە دەست تیرۆریستانی داعش كۆبووەوە.
هەدیە موراد، ئەندامی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، كە ئامادەی كۆبوونەكە بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "وەك هەمیشە سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ ئێزدییان دەربڕیوە، لە كۆبوونەوەكەشدا جارێكی تر سەرۆك بارزانی پشتگیریی خۆی بۆ كوردانی ئێزدی دووپات كردەوە، بە تایبەت بۆ رزگاربووانی دەستی داعش".
لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك بازانی رایگەیاند: "زۆر باش لە ئازار و مەینەتییەكانی ئێوە تێدەگەم و جارێكی دیكەش تەئكید دەكەمەوە ئێوە هێمای شەرەفی گەلەكەمان و ئازیزی ئێمەن". هەروەها تەئكیدی كردەوە: "تیرۆریستان بەو ڕەفتارە نامەردانەیان بەرانبەر ئێوە، هەم دڕندەیی خۆیان پێشان دا و هەم مەزڵومییەتی ئێوەیان سەلماند، بەڵام خۆشبەختانە بە هەوڵ و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان زۆر مەردانە تۆڵەی ئێوە كرایەوە و تیرۆریستان تێك شكان و كەوتنە ژێرپێی ئێوە".
هەدیە ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی پڕۆژەیاسایەكمان ئامادە كردووە بۆ دەستنیشانكردنی ڕۆژی كۆمەڵكوژیی ئێزدیان و قوربانیانی دەستی داعش وەك رۆژی شەهیدان، كە ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمانمان كردووە و لە ئایندەیەكی نزیكدا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە".
KDP -
