"دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانە"

بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، دووای سەردانی سەرۆکی ھەرێم بۆ بەغدا بڕیار دراوە بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکان و ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە و لیژنەکە پێک هاتووە و چەندین کۆبوونەوەی کردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تێیدا ئەندامە و دانوستانەکان بە چاودێریی ئەوان بەڕێوە دەچن و چاوەڕێ دەکەین بگەنە ئەنجامێک.

ناسر ھەرکی، بڕیاردەری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دووای ئەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕێک کەوتن کە لیژنەیەک لە ھەرسێ پێکھاتەی عەرەب و کورد و تورکمان پێک بێت و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تێیدا ئەندامە و تا ئێستاش چەندین کۆبوونەوە کراوە و کۆبوونەوەکان بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرێوە دەچن، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک."

ناسر ھەرکی گوتیشی: "ناکرێت دۆخی ئەو ناوچانە بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە چارەسەر بکرێت، چونکە خەڵکی ئەو ناوچانە ناڕازین و داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە دەکەن."

هەرکی گوتیشی: "ئەم جارە گەشبینین کە ئەو لیژنەیە بگاتە ئەنجامێک، چونکە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ئەوان چاودێریی کۆبوونەوەکان دەکەن."

kdp -
Top