مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بە ئەڵمانی نامەیەک ئاراستەی مێرکڵ دەکات

مامۆستایەکی زانکۆ لەبارەی سەربەخۆیی کوردستان بە ئەڵمانی نامەیەک ئاراستەی مێرکڵ دەکات
مامۆستایەکی زانکۆ بە زمانی ئەڵمانی، وەڵامی ئەنجێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا دەداتەوە و لەبارەی مافەکانی گەلی کورد و سەربەخۆیی کوردستان چەند پرسیارێکی ئاراستە دەکات.

د. زیرەک عەبدوڵا، مامۆستای زانکۆ، ئاماژەی بە سەردانێکی مێرکڵ بۆ زانکۆیەک کرد کە تێیدا گوتبووی، پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکات، بۆیە پرسیاری ئەوەی لێکردووە کە ئایا یەکپارچەیی خاکی عێراق لای ئەو چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئایا یەکپارچەیی خاکی عێراق دەبێت لەسەر خەون و مافەکانی گەلی کورد بنیاد بنرێت؟



ئەمەش دەقی نامەکەیە:



نامەیەکی کراوە بۆ خاتوو مێرکڵ.


ھەفتەی ڕابردوو بەڕێزتان سەردانی زانکۆیەکتان کرد لە گۆسلەر و لەوێ گوتتان: من پشتیوانی لە یەکپارچەیی عێراق دەکەم. لێرەدا حەز دەکەم چەند پرسیارێکتان ئاراستە بکەم. یەکپارچەیی خاکی عێراق لای بەڕێزتان چ مانایەک دەگەیەنێت؟ ئایا یەکپارچەیی خاکی عێراق دەبێت لەسەر خەون و مافەکانی گەلی کورد بنیاد بنرێت؟ خۆتان پێشوەخت ئاگاداری ئەم ڕاستییەن کە کورد، بە زیاتر لە ٤٥ ملیۆن کەسەوە، ھێشتا خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە. من لەوە تێدەگەم کە بەڕێزتان لەوانەیە ترستان سەبارەت بە یەکپارچەیی عێراق ھەبێت. بە دڵنیاییەوە ترسی ئێوە لە بیرۆکەی دامەزراندنی کیانی وەک باڤاریا و کەتەلۆنیا و کوردستانە. بەڵام ئەمە مافی ئێمەیە کە دەوڵەتی خۆمان ھەبێت.

ھەندێک دەڵێن: پێم وانییە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان خزمەت بە ئاشتی لە ناوچەکە بکات. من لێرەدا دەپرسم، ئایا کەی ئەم ناوچەیە ئاشتی بەخۆوە بینیوە. بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ، کورد بەدەستی ڕژێمەکانی تورک و فارس و عەرەب کوژراوە. ئەم سێ لایەنە بە بەردەوامی ھێرش دەکەنە سەر کوردەکان، دەیانکوژن و بێ چارەنووس وێڵیان دەکەن. تاکوو ئێستا کەس بەرگری لە کورد نەکردووە بەرامبەر مەم نادادپەروەرییە. بەڵام کاتێکیش کوردەکان داوای دەوڵەت دەکەن، ئەوا ھەموو بە کارەسات دەیبینن. لێرەدا پرسیارێک دێتەوە ئارا: ئایا لە تێکستەکانی ئینجیل و قورئان و ھیچ شوێنێکی دیکە ھەیە کە بڵێت کورد بۆی نییە داوای مافی خۆی بۆ بە دەوڵەتبوون بکات.

بەدڵنیاییەوە شتی وا نییە. بۆیە بۆ من جێگەی سەرسوڕمانە کە بۆچی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نابێ بوونی ھەبێت؟ بۆچی عەرەبەکان دەتوانن ٢٢ دەوڵەتیان ھەبێت، بەڵام بۆ کورد حەرامە یەک دەوڵەتی ھەبێت؟

کورد دەبێت تا کەی قوربانی بدات؟ گەلۆ، ٨ ھەزار بارزانی و ١٨٠ ھەزار کوردی دیکە کە لە پرۆسەی ئەنفالدا کوژران، بەس نییە؟ ئەرێ کوژرانی ٥ ھەزار کەس لە ڕۆژێکدا دوای کیمیابارانی ھەڵەبجە بەس نییە؟ خاپوورکردنی ٤ ھەزار گورندی کوردستان کیفایەت ناکات؟ ئەرێ بەردەوامی خەباتی ڕزگاریخوازی کورد بۆ ماوە ١٠٠ ساڵ لە دژی ڕژەمەکانی عێراق بەس نییە؟ ئەمەیە دیموکراسی و ئازادی و یەکسانی و مافی مرۆڤی کە ئێوە باسی لێ دەکەن؟ ئەمە لە ڕاستیدا ڕێک دژ بە بەھاکانی ڕۆژئاوایە لای ئێوە. دەکرێ پێمان بڵێی چەند کەسی دیکەمان دەبێ لێ ببێتە قوربانی؟ چەند ساڵی دیکە پێویستە چاوەڕێ بکەین تا بتوانین یەک دەوڵەتی سەربەخۆمان ھەبێت؟










باسنيوز
Top