پەرلەمان خولی بەهارەی خۆی درێژ دەکاتەوە

پەرلەمان خولی بەهارەی خۆی درێژ دەکاتەوە
پەرلەمانی کوردستان خولی بەهارەی خۆی درێژ دەکاتەوە و بەردەوامیی بە کۆبوونەوەکانی دەدات.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 30-6-2019، پەرلەمانی کوردستان خولی بەهارەی ساڵی یەکەمی خولی هەڵبژاردنی پێنجەم، درێژ دەکاتەوە.

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-6-2019، ڤاڵا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بانگهێشتی پەرلەمانتارانی کرد بۆ ئامادەبوون لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە 30-6-2019.

پێشتر خەدیجە عومەر، ئەندامی لێژنەی یاسایی پەرلەمان رايگەیاندبوو، بۆ درێژکردنەوەی خولی بەھارە، پێوستە سەرۆکی پەرلەمان یان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە پەرلەمان بکات، سەرۆکی پەرلەمانیش بیخاتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی، کە پێوستی بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو لە کۆبوونەوەکە (%50+ 1) ھەیە.

لە رۆژی 1ـی مانگی 7 تا 1ـی مانگی 9ـەوە بەپێ پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پشووی هاوینەی پەرلەمانە و لەم دوو مانگەدا پەرلەمان کۆ نابێتەوە، تەنیا مەگەر بارێکی لەناکاو ڕووبدات و پێویستی بە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان هەبێت.

مەسرور بارزانی، راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی سەرجەم ئەو لایەنانەی کردووە، کە بڕیارە بەشداری لە حکوومەتدا بکەن و ئێستا چاوەڕوانە لایەنەکان سیڤیی کاندیدەکانیان پێشکەش بکەن.











باسنيوز
Top