سەرۆک بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتی: پێویستە بەرگریکاری ویستی خەڵکی کوردستان بن
بەپێی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-6-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک بارزانی رایگەیاندووە، پەرلەمانتارانی پارتی لە پارلەمانی كوردستان نوێنەری مێژوو و بەها و ئامانجەكانی پارتین.
هەروەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانیوە پەرلەمانتارانی پارتی ؛“لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بن كە لەسەر شانیانە و بەرگریكاری ویست و ئێش و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بن. دەبێ ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵك و داواكارییەكانی خەڵك بگەیێنە شوێنی مەبەست و هیچ كاتیش لە موزایەدە كردن و قسەی بێ عەمەل نزیك نەبنەوە“.
دەقی راگەیەندراوەکەی بارەگای بارزانی:
سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە
ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 6ـی 2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبووان كرد و ڕۆشنایی خستە سەر ئەركی مێژوویی پارتی و ئەندامەكانی و جەختی لەوە كردەوە كە نوێنەرانی پارتی لە پارلەمانی كوردستان نوێنەری مێژوو و بەها و ئامانجەكانی پارتین و، پێویستە نوێنەرانی پارتی لە پارلەمان لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بن كە لەسەر شانیانە و بەرگریكاری ویست و ئێش و ئازارەكانی خەڵكی كوردستان بن. جەختیشی لەوە كردەوە كە ئەندام و نوێنەرانی پارتی دەبێ ڕاستگۆ بن لەگەڵ خەڵك و داواكارییەكانی خەڵك بگەیێنە شوێنی مەبەست و هیچ كاتیش لە موزایەدە كردن و قسەی بێ عەمەل نزیك نەبنەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی لەبارەی دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.
باسنيوز
