دەستەی دەسپاکی داوا دەکات سیڤیی کاندیدانی وەزارەتەکانی بخرێتە بەردەم
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕۆژنامەوانیی دەستەی دەسپاکی کە وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ئەوە ئاشکرا کراوە کە ڕۆژی ٢٣ی ٦ی ٢٠١٩، دەستەکە نووسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەی دەسپاکی، چەسپاندی بنەماکانی دەسپاکی و دڵسۆزییە لە کەرتی وەزیفەی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەستە لەسەر داوای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان، وردبینی لە ناوی سەرجەم کاندیدەکانی لیستەکان بۆ پەرلەمان کردووە.
بۆیە داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کردووە، کاندیدی پۆستە وەزارییەکان و سەرجەم پلە باڵاکان بخرێنە بەردەم دەستەی دەسپاکی تاوەکوو وردبینی لە (سیڤی)یەکانیان بکرێ ھاوشێوەی بەغدا کە ھیچ دامەزراندنێک ناکرێ بەبێ ڕای دەستەی دەسپاکیی عێراق.
ئەمەشی بە هەنگاوێکی گرنگ لەسەر پرەنسیپی دڵسۆزی و دەسپاکی وەسف کردووە.
ئەمەش دەقی راگەیاندراوەکەیە:
راگەیەنراوی ڕۆژنامەوانی دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان
دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە ٥/١١٣ ڕۆژی ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٩ ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی کردووە و تیایدا ھاتووە:
یەکێک لە ئەرکەکانی دەستەی دەسپاکی چەسپاندی بنەماکانی دەسپاکی و دڵسۆزییە لە کەرتی وەزیفەی گشتیی لە ھەرێمی کوردستان، لە ھەڵبژاردنی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان دەستە لەسەر داوای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسی ھەرێمی کوردستان وردبینی کرد لە ناوی سەرجەم کاندیدەکانی لیستەکان بۆ پەرلەمان.
داوا لە بەرێزتان دەکەین کە کاندیدی پۆستە وەزاریەکان و سەرجەم پلە باڵاکان بخرێنە بەردەم دەستە بۆ ئەوەی وردبینی لە (سی ڤی) یەکانیان بکرێ ھاوشێوەی بەغدا کە ھیچ دامەزراندنێک ناکرێ بەبێ ڕای دەستەی دەسپاکی عێراق کە دەبێتە ھەنگاوێکی گرنگ لەسەر پڕەنسیپی دڵسۆزی و دەسپاکی. سەبارەت بەو کەسانەیش کە پۆستی باڵا لە ھەرێم وەردەگرن پێویستە وابێت، چونکە کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر باشتربوونی رەوشی ئیداری و حکومڕانی لە کوردستان.
ڕاگەیاندنی دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان
٢٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩
باسنیوز
