وەزارەتێک داوا لە زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکان دەکا بڕە پارەیەک بۆ هەندێک قوتابی بگەڕێننەوە
پەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان ڕايگەیاند: ”ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران وەرگیراوە بۆ خەرجکردنی بڕی ١٧ ملیار و ٣٠٦ ملیۆن و ٥٥٣ ھەزار و ٦٠٠ دینار بۆ کرێی خوێندنی ساڵی خوێندنی (٢٠١٧ -٢٠١٨)“. ڕوونیشی کردەوە کە لە ماوەی مانگەکانی داھاتوودا ئەم پارەیە خەرج دەکرێت.
ھاوکات بەرەڤان حەمدی ڕوونی کردەوە، تەنیا کرێی خوێندنی ساڵی (٢٠١٨- ٢٠١٩) لەسەر وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دەمێنێتەوە، ھەنگاو بۆ ئەوەش دەھاوێژرێت، ”لەگەڵ ھاتنی ساڵی داھاتوو، ئەویش جێبەجێ دەبێت، ئەمەش وەک دەستکەوت و شایستەیەکە بۆ قوتابیانی کوڕ و کچی شەھیدان کە لەسەر ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان درێژە بە خوێندنی خۆیان دەدەن لە ناوەندەکانی خوێندندا“.
بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراون ئاماژەی بەوەش کرد: ”ئەو کەسانەی لە لیستەکانی وەزارەتەکەمانن و کوڕ و کچی شەھیدن، لە خوێندنی خۆیاندا پلەی یەکەم یان دووەم یان سێیەم بەدەست دەھێنن، ئەو پشکەی کە ڕێژەی لێخۆشبوونە، دەبێ لە ژمێریاریی کۆلێژەکەیانەوە بۆیان بگەڕێنرێتەوە و خەرج بکرێت، چونکە پارەکە بۆ حکوومەت ناگەڕێتەوە و دەکرێتە ھاوکاری بۆ خودی قوتابییەکە“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەشێک لە زانکۆ و پەیمانگا ئەهلییەکان، ڕێژەی دیاریکراوی تایبەت بە یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی کۆلێژەکانیان بۆ کچ و کوڕی شەهیدان ناگەڕێننەوە و لەلای قوتابییەکان دەڵێن کە پارەکە بۆ وەزارەتی کاروباری شەهیدان دەگەڕێننەوە، کەچی پارەکە بۆ هیچ یەکێک لەلایەنەکان ناگەڕێننەوە.
باسنيوز
