پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك لە خەرجكردنی بوودجەی شارەكە شكستیھێنا
لەچەند رۆژی داھاتوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان لە بەرامبەر چۆنیەتی خەرجکردنی بوودجەی کەرکووک و گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رەوانەی کەرکووک دەکات، ئەمەش دوای رەتکردنەوەی 21 واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەن بۆ خەرجکردنی بوودجەکە.
عەرەبەکان بە پشتگیری و پاڵپشتی راکان جبووری ھەوڵی زۆریاندا بۆ تێپەڕاندنی بوودجەکە و خەرجکردنی بەوشێوەی خۆیان دەیانەوێت، بەڵام سەرئەنجام ھەوڵەکەیان شکستی ھێنا، ئەوان پێیانوایە بابەتی بوودجە بەسیاسی کراوە.
محەمەد خدر، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی عەرەبی بە كوردستان24ی گوت: "ئەو بابەتە بووەتە بابەتێکی شەخسی و سیاسی، بەداخەوە کە ئەڵێم ئەنجوومەنی پارێزگا نەیتوانیوە لە بڕیاری خەرجکردنی بوودجەی کەرکووک سەرکەوتوو بێت، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران دواکاری ئەنجوومەنی پارێزگای رەتکردووەتەوە، ئێمە ئێستا لە ناوەڕاستی ئەمساڵین و تائێستا نەمانتوانیوە ھیچ پڕۆژەیەک جێبەجێ بکەین، بوودجەی ئەمساڵ زۆرە، بەڵام لە عێراق تەنانەت بوودجەش تێکەڵی سیاسەت دەکرێت".
بوودجەی ئەمساڵی کەرکووک 430 ملیار دینارە و بەپێی خشتەی ئەو پڕۆژانەش بێت کە دانراوە، بوودجەکە لە خزمەتی ناوچە عەرەبی و تورکمانییەکاندایە و ناوچە کوردییەکان بێبەشکراون، لە ئەگەری بەھەند وەرگرتنی ئەو 129 تێبینییەی کە ئەندامانی کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگا ھەیانبووە، گۆڕانکاری لە چۆنیەتی خەرجکردنی بوودجەکە دەکرێت.
K24 -
