فازل میرانی: هەندێ سەرکردەی یەکێتی کە ئیشێکیان دەبێت دەڵێن سەرۆک بارزانی بکەنە مەرجەعی هەموومان

 فازل میرانی: هەندێ سەرکردەی یەکێتی کە ئیشێکیان دەبێت دەڵێن سەرۆک بارزانی بکەنە مەرجەعی هەموومان
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە هەندێک سەرکردەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاتێک ئیشێکیان دەبێت، بە بەرپرسانی پارتی دەڵێن، سەرۆک بارزانی تەنیا سەرۆکی پارتی نییە و مەرجەعی هەمووانە.



فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاندووە کە ئەو لەگەڵ ئەوەدا نییە کە پارتی و یەکێتی نەتوانن پێکەوە حکوومەت پێک بهێنن، ”مەگەر تەنھا ئەوەی پێداگرییەک لەلایەن برادەرانی یەکێتییەوە ھەبێت کە نایانەوێت حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەدوای ھەڵبژاردنەکان پێکبھێنرێت، جا بڕیاری خۆیانە یا بڕیاری خەڵکیترە ئەوە پەیوەندیی بەخۆیانەوە ھەیە، ئینجا لە ١٩٩٢ەوە تا ئێستا بەشەڕی ناوخۆ-شەوە، پارتی و یەکێتی پێکەوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن، خێرە ئێستا ناتوانن پێکەوە حکوومەت پێکبھێنن؟".



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا میرانی وەڵامی سەعدی پیرەی داوەتەوە کە گوتبووی پارتی دەیەوێت سەرۆک بارزانی ببێتە مەرجەعی کوردستان، ”یەکێتی لەو یارییە تێگەیشتووە ئیتر ئەوە ناخوات". لەمبارەیەشەوە فازڵ میرانی دەڵێت: “"من لە قسەکانی کاک سەعدی پیرە تێگەیشتم، خوێندمەوە لە دەنگی ئەمریکا کە دەڵێ پارتی دەیەوێت کاک مەسعود مەرجەع بێت ئەمە چیتر ناخوات، ھەر خۆیان بە خۆشیەوە کە ئیشێکیان کەوتۆتە لای کاک مەسعود و بۆیان جێ بەجێ کراوە، دواتر خۆیان گوتویانە (کاکە ئەم پیاوە نەک تەنھا سەرۆکی پارتییە، ئەمە بکەنە مەرجەعێک" بۆ ھەموومان، بەڵام دیارە ئیتر بەرژەوەندییەکان (مەبادیئی) داپۆشیوە".



ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەو ناڵێت یەکێتی بە فەرمی داوای کردووە کە سەرۆک بارزانی ببێتە مەرجەعی کوردستان، بەڵکوو ”بەشێک لە خۆیان لە ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بە من و بەشێک لەبرادەرانی مەکتەبی سیاسیی ئێمەیان گوتووە، بە کاک مەسعود بارزانی بڵێن، تەنھا وەک سەرۆکی پارتی نەبێت، بەڵکوو ببێتە مەرجەعی کوردستان بۆ ھەموومان، چونکە ھەر ئەومان ماوە بەدەستەوە، بەبێ بەڵگەش ئەو قسەیە ناکەم و بەڵگەمان لایە لەسەر ئەو قسەیە، بەدڵنیاییەوە بەشێکی زۆریان ئەو مەرجەعیەتە قەبووڵ دەکەن، بەو مەرجەی گەرەنتیی بەرژەوەندیی ئەوان بکات".



لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ میرانی بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) گوتوویەتی: ”لەلای ئێمە ئاسایشی کۆمەڵگا و سەقامگیریی دۆخی کوردستان گرنگە، ئەوە پۆستی وەزارەتی داد چارەسەر کرا کە من خۆم نایناسم بەڵام کاندیدێکی سەربەخۆیە، هەروەها سەبارەت بە کەرکووکیش ئێمە و یەکێتی ڕێککەوتنێکمان ھەیە کە ھاوتەریب لەگەڵ پێکھێنانی حکوومەت لەسەر کاندیدێکی پارێزگار ڕێکبکەوین، ئەوان کاتی خۆی کاک فەرەیدوون عەبدولقادریان کاندید کرد، ئێمە ڕازی بووین، ئێستاش بە بۆچوونی من باشترە خۆمان ڕێک بکەوین وەک لەوەی خەڵکێک بێت بە خورتی ڕێککەوتن لەنێوانماندا بکات، ھەروەک چۆن خەڵکێک برادەرانی یەکێتییان نارد بۆ مەراسیمی سوێند خواردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئەمە نەکرێت لەگەڵ یەکتر باشترە، با خۆمان یەکتر قەبووڵ بکەین“. جەختیشی کردووەتەوە: ”یەکێتی دەزانن کێ ئەوانی نارد بۆ مەراسیمەکە، من ناچمە ناو وردەکاری، چونکە ھێشتا بێگومان دۆخی کوردستان گرنگترە لە چاوپێکەوتنێک“.



لەبارەی کەرکووکیشەوە، میرانی پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ کێ کەرکووکی ڕادەستی عێراق کرد؟ ”ئێمە بووین وا گللەیمان لێدەکرێت ئەمڕۆ؟ نەخێر، ھەندێک لەبرادەرانی یەکێتی کەرکووک کە دڵی کوردستان بوو، دەریان ھێنا، دایان بەخەڵکی تر، جا نەشتەرگەری بۆ دەکەن، دەرزی لێدەدەن، ئەوان ئێستا بە ئێمە دەڵێن وەرن چارەسەری بکەن".









باسنیوز
Top