وەرتی: له‌مساڵدا ٥١٤ كۆمپانیا تۆمار كراون

 وەرتی: له‌مساڵدا ٥١٤ كۆمپانیا تۆمار كراون
بەڕێوەبەری تۆماركردنی كۆمپانیاكان لە ھەولێر گوتی، لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا، نزیكەی دوو ھەزار كۆمپانیای نوێی ناوخۆیی و بیانی لە ھەولێر تۆمار كراون، كە تەنھا ئەمساڵ نزیكەی ٥٥٠ كۆمپانیا تۆمار كراون و ژمارەكەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

پشتیوان وەرتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەولێر ٧١٠ كۆمپانیای خۆماڵی و ١٩ لقی كۆمپانیای بیانی لە ھەولێر تۆمار كراون و لە ساڵی ٢٠١٨دا ٦١٦كۆمپانیای خۆماڵی و ٢٨لقی كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون و لە ئەمساڵیشدا تاوەكو ئێستا ٥١٤ كۆمپانیای خۆماڵی و ٢٩لقی كۆمپانیای بیانی تۆمار كراون، كە كۆی گشتی ھەزار و ٨٤٠ كۆمپانیای خۆماڵییە لەگەڵ ٧٦ كۆمپانیایی بیانی، كە زۆرینەی بیانییەكان كۆمپانیای توركیان".

وەرتی گوتیشی: "ئەمساڵ رێژەی كۆمپانیاكان زۆر زیادی كردووە و تا ئێستا نیوەی ساڵ رۆییشتووە خەریكە دەگاتە ژمارەكانی ساڵانی ڕابردوو و بەردەوامیش كۆمپانیای نوێ دێن ناویان تۆمار دەكەن، ئێمەش ھەموو ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین و لە ھەموو بوارەكانیشدا لە ھەرێمی كوردستان كار دەكەن".

kdp-
Top