سلێمانی.. یادی هونەرمەند حەسەن زیرەك دەکرێتەوە

سلێمانی.. یادی هونەرمەند حەسەن زیرەك دەکرێتەوە
سبەی چوارشەممە 26/6/2019 بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی، بە هاوكاریی چەندین گۆرانبێژی ناودار و دەنگخۆش ئاهەنگێكی جەماوەریی فراوان بۆ یادی هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك ڕێك دەخات.

جەزای ساز، سەرۆكی كۆمەڵەی هونەری میللیی سلێمانی ڕایگەیاند: "سبەی لە سلێمانی بە چەندین شێوە یادی هونەرمەندی گەوری كورد مامۆستا حەسەن زیرەك دەكرێتەوە، بێگومان ئەمساڵ یادكردنەوەكەی حەسەن زیرەك، گۆرانیبێژی كوردان جیاواز دەبێت و چەندین سوپڕایز ئەنجام دەدەین".

ئاماژەی بەوەش دا: "چەندین هورنەمەندی دەنگخۆشمان سلێمانی و بۆكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات بانگهێشت كردووە و ئەو هونەرمەندانە بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە گۆریانییەكانی حەسەن زیرەك دەڵێنەوە، هەروەها لەسەر سەرمایە هورنەییەكەی حەسەن زیرەك، چەندین لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی جیاواز دەكرێت".

حەسەن زیرەك گۆرانیبێژی ناوداری كورد (لەدایك‌بووی ١٩٢١ - كۆچی دوایی ١٩٧٢) لە شاری بۆكان هاتووەتە دنیاوە. زیرەك یەكێكە لە بەناوبانگترین هونەرمەندانی كورد و بەرچاوترین كاری ئەو كۆكردنەوەی گەنجینەیەك لە هونەری ئاواز و گۆرانی كوردییە كە بە دەنگی ئەو وتراوەتەوە. ئەو بەهۆی گۆرانییەكانی لەناو كوردانی هەر چوار پارچەی كوردستان ناسراوە و بە قوتابخانەیەكی تایبەتی هونەری دێتە ئەژمار. سەرەنجام پاش تەمەنێك خزمەت بە گۆرانی و مۆسیقای كوردی و ڕەنج و ئازار و دەربەدەری لە ساڵی ١٩٧٢ لە شاری بۆكان كۆچی دوایی كردووە و لەسەر وەسێتی خۆی لەسەر كێوی ناڵەشكێنە بە خاك سپێردراوە.

بەشێك لە گۆرانییەكانی حەسەن زیرەك بریتین لە: "دیسان شەو هات، وەك قومری، لۆركێ، كەتانە، هەی نار، كابوكێ، لەیلا، كرماشان شاری شیرین، ئەمان دكتۆر، بۆ چ منت ناوێ، هۆ لەیلی، ماڵی بابم نەسرین، كەویار و ئەسمەر".











باسنیوز
Top