لەبارەی پلە و ناوونیشانی بەشێکی فەرمانبەرانەوە حکوومەت بڕیارێک دەدات

لەبارەی پلە و ناوونیشانی بەشێکی فەرمانبەرانەوە حکوومەت بڕیارێک دەدات
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان، کە لە ١٥ی ٥ی ٢٠١٩ دەرچووە و ئاماژە بەوە کراوە، دوای بەدواچوونیان بۆیان دەرکەوتووە، بەبێ رەچاوکردنی یاسا و رێنمایییەکان، ژمارەیەک وەزارەت و دامودەزگا گۆڕانکاری لە ھەندێک پۆست و ناونیشانی وەزیفیدا دەکەن، ھاتووە: «لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەت و پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان، بەبێ رەچاوکردنی رێنماییەکان و ئەو بنەما کارگێڕی و یاساییانەی لە ھەرێمی کوردستاندا کارپێکراون، گۆڕانکارییان کردووە».

جەختیش کراوەتەوە، ئەوەی ئەو فەرمانگانە کردوویانە، بەبێ رەچاوکردنی چەند ماددەیەکی یاسای وەزیفەی گشتی و یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت کراوە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو، کەوا دەبێت لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆسەی گۆڕانکاریدا زۆر بەوردی رەچاوی ئەو مەرج و پێوەرانە بکرێت، کە بۆ وەرگرتنی ھەر پلە و پۆست و ناوونیشانێکی وەزیفی، پێویستە لە فەرمانبەری پاڵێوراودا ھەبێت: «دەبێت ھەموو لایەک پابەند بن بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بەو شێوەیەی لە یاساکان و رێنماییەکان و رێبەری وەسفی وەزیفیدا ھاتووە».

لەو نووسراوەدا، کە سەرۆکی حکوومەت واژۆی کردووە، داوا لە وەزارەتی دارایی کراوە، گشتاندنێک بکات بۆ ئەوەی روونکردنەوە بە وەزارەت و فەرمانگەکان بدات، بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حاڵەتانە.

دووپاتیش کراوەتەوە، سەرجەم ئەو فەرمان و بڕیارانەی بە شێوەی نایاسایی و بەدەر لە رێنمایی و یاساکان دەرکراون، پاش وردبینی، بەگوێرەی ئەو مەرج و پێوەرانەی لە رێبەری وەسفی وەزیفیدا ھاتووە، وەزارەتی دارایی رێکاری خۆی بگرێتە بەر و جێبەجێیان بکات، ھاتووە: «لە کاتی ھەر سەرپێچییەک و نەبوونی مەرجەکان، نابێ وەزارەتی دارایی گۆڕانکاری لە پلە و مووچە و ناونیشاندا پەسەند بکات، کە بە شێوەی فەرمان و بڕیاری وەزاری یان کارگێڕی دەرکراوە».

ئەنجومەن ھۆشداری بە وەزارەت و فەرمانگە و پارێزگاکان داوە، بە زووترین کات ھەموو ئەو فەرمان و رێکارە کارگێڕییانە ھەڵبوەشێننەوە، کە تیایدا رەچاوی مەرج و پێوەرە داندراوەکان نەکراوە.

نەورۆز قازی، سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران رايگەیاند، زۆر گۆڕانکاری لە ناونیشان و پلەی فەرمانبەراندا کراوە یاسایی نین، گوتی: «لەگەڵ رێکخستنەوەی میلاکات، حکوومەت وەسفی وەزیفیش رێک دەخاتەوە، چونکە سەدان فەرمانبەر ھەن وەسفی وەزیفیان نییە، زۆر لە فەرمانبەران ناونیشان و کارەکەیان جیاوازیی ھەیە و ھەندێکیش بەدەر لە یاسا و رێنماییەکان کراون».











باسنيوز
Top