ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كه‌نه‌دا خۆشحاڵی وپاڵپشتیی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن بۆ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری كه‌نه‌دا خۆشحاڵی وپاڵپشتیی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن بۆ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
په‌رله‌مانتارانی كه‌نه‌دا خۆشحاڵی وپاڵپشتیی خۆیان ڕاده‌گه‌یه‌نن بۆ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ڵێن، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگیه‌كانمان به‌هێزتر ده‌بێت.

به‌رده‌وام ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا پاڵپشتییی وهاوسۆزی خۆیان بۆ هه‌رێمی كوردستان نیشان داوه‌ و ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ هاوكاریكردنی پێشمه‌رگه‌ له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گروپی تیرۆریستی داعشدا.

تۆم كیمیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا و سه‌رۆكی دامه‌زراوه‌ی دۆستایه‌تی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: "په‌یوه‌ندیه‌كانمان به‌هێزتر ده‌بن و وه‌ك ئاگادارم ئێستا ئۆفیسێكی نوێنه‌رایه‌تیمان هه‌یه‌ له‌ هه‌ولێر، وه‌ك دوو نه‌ته‌وه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان هه‌میشه‌ به‌هێز بووه‌ به‌ڵام ئێمه‌ لێره‌ له‌په‌رله‌مان ئامانجی سه‌ره‌كیمان ئه‌وه‌یه‌ په‌یوه‌ندیه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و په‌رله‌مانی ئێستا به‌هێز بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌كانی كاری داهاتووی كه‌نه‌دا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانتارانی كه‌نه‌دا ده‌ڵێن: "به‌هۆی شاره‌زایی و دۆستایه‌تی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت، دڵنیاین په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئۆتاوا و هه‌ولێر به‌هێزتر ده‌بن".

زیاد ئه‌بولته‌یف ئه‌ندام په‌رله‌مانی كه‌نه‌دا گوتوویه‌تی: "په‌یوه‌ندیه‌كانمان هه‌میشه‌ به‌هێز بوون چونكه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام بڕوامان به‌مه‌یه‌ كورد به‌درێژایی مێژو و مامه‌ڵه‌ی ڕه‌وای له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌ و هیوادارین بتوانین هه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر و هه‌ڵه‌ی مێژو به‌رانبه‌ر به‌كورد چاك بكه‌ینه‌وه‌ و داهاتوویه‌كی باشتریان هه‌بێ و وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد هه‌میشه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌هه‌ماهه‌نگیمان".

كه‌نه‌دیه‌كان بڕوایه‌كی زۆریان به‌ مافه‌كانی گه‌لی كورد هه‌یه‌ و به‌بڕوای به‌شێك له‌ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ ئۆتاوا، ده‌یانه‌وێ له‌م قۆناغه‌ی ئێستادا پاڵپشتی و هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.

كه‌نه‌دا وه‌ك هاوپه‌یمانێكی ناتۆ و وڵاتێكی به‌هێز له‌جیهاندا، متمانه‌ و بڕوایه‌كی به‌هێزی هه‌یه‌ به‌ سه‌نگ و پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ پاراستنی ئارامیی و بره‌ودان به‌ گه‌شه‌ و ئاوه‌دانی له‌ ناوچه‌كه‌دا، بۆیه‌ ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ن كه‌وا په‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان ئۆتاو ا و هه‌ولێر ده‌چنه‌ نێو قۆناغێكی زۆر پێشكه‌وتوو و به‌هێزتر.







K24
Top