ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێش پشووی پەرلەمان متمانە بە کابینەی نوێ بدرێت

 ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێش پشووی پەرلەمان متمانە بە کابینەی نوێ بدرێت
بەپێی زانیارییەکان، ھەموو ھەوڵەکان بە ئاراستەیەکدان کە پێش پشووی پەرلەمان متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش ئاماژە بەوە دەدات، ھەر لایەنێک (سی ڤی)ی کاندیدەکانی ئامادە نەکردبێت، لە رووی یاساییەوە دەتوانرێ پۆستەکان بە بەتاڵی بھڵێدرێنەوە و دەنگ بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت.



دوێنێ دووشەمە، نووسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رای گەیاند، تا بە فەرمی ناساندنیان، ناوی ھیچ کاندیدێکی وەزارەتەکان بە یەکلاکەرەوە دانانرێت.



لە روونکردنەوەکەدا، کە کۆپییەکی تایبەت بۆ (باس) نێردراوە، ھاتووە: «ماوەیەکە ھەندێک کەناڵی ڕاگەیاندنی لۆکاڵی، لەبارەی پێکھاتەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ئاماژە بە ھەندێ ناو دەدەن و وای دەخەنە ڕوو، کە گوایە یەکلا کراونەتەوە، لێرەدا ڕای دەگەیەنین، کە ئەم ھەواڵانە، ھەر نیازێکیان لەپشت بێت، لە چوارچێوەی مەزندە دەرناچن».



ھەر لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، تا ڕادەستکردنی یەکجارەکیی ناوی کاندیدەکان بە مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراوی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ناردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان و بە فەرمی ناساندنیان، ھیچ کاندیدێک بە یەکلابووەوە ھەژمار ناکرێت.



بەپێی زانیارییەکانی (باس)یش، ھەموو ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەکدان، کە تا ٢٧ی ئەم مانگە سی ڤییی کاندیدەکان پێشکەش بکرێن و ٤٨ سەعات پێش وادەی دانیشتنی پەرلەمان ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکانی تەواوی لایەنە بەشدارەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوای رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت و لەلایەن کارگێڕیی پەرلەمانیشەوە بگات بە دەستی پەرلەمانتاران، بۆ ئەوەی لە دانیشتنێکدا لە ٣٠ی ئەم مانگە، متمانە بە پێکھاتەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر لەو کاتەدا نەتوانرا دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان رێک بخرێت، ئەوە پێش ١٢ی مانگی داھاتوو واتە پێش تەواوبوونی ماوەی یاسایی تەرخانکراو بۆ پێکھینانی حکوومەت، لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی کوردستاندا متمانە دەبەخشرێتە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.



لەم بارەیەوە، پەرلەمانتاری پارتی، بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە پێش پشووی پەرلەمان، دەنگ لەسەر وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بد‌رێت، بەڵام ئەگەر نەتوانرا لەو وادەیە کۆبوونەوەی پەرلەمان رێک بخرێت، ئەوە لە وادەی یاسایی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمانی کوردستاندا، متمانە دەدرێتە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لە رووی یاساییەوە ھیچ گرفتێک بۆ ئەو بابەتە دروست نابێت.



رۆژی ١-٧-٢٠١٩، پشووی ھاوینەی پەرلەمانی کوردستان دەست پێ دەکات و تا رۆژی ١-٩-٢٠١٩ بەردەوام دەبێت.



سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، ھەر بابەتێکی دانیشتنی پەرلەمان پێویستە ٤٨ سەعات پێشتر بخرێتە سندوقی بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، لەبەرئەوە ھەوڵەکان بەو ئاراستەیەن کە لە چەند رۆژی داھاتوودا (سی ڤی)یەکان بگەن بە پەرلەمان و یەکشەممەی داھاتوو کە دەکاتە ٣٠-٦-٢٠١٩، دەنگ بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت، ئەگەر بکەوێتە نێو پشووی پەرلەمانیشەوە ئەوە دانیشتنی نائاسایی بۆ متمانەدان بە حکوومەت بەڕێوە دەچێت”.



ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختیشی کردەوە، لە رووی یاساییەوە ئەگەر (سی ڤی)ی چەند پۆستێکی وەزاریی لایەنەکان ئامادەش نەبێت، ئەوا دەتوانرێ لە ماوەی یاساییدا، متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدرێت و ئەو پۆستانە بە بەتاڵی بھێڵدرێنەوە.



ھەر پەیوەست بەو بابەتە، ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی شاندی یاوەری مەسرور بارزانی لە سەردانی لایەنە بەشدارەکانی حکوومەتی ھەرێمدا، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو ھێزانەی کە بڕیاریان دا بێنە ناو حکوومەتەوە، گفتوگۆ لەگەڵیاندا کۆتایی پێ ھاتووە، چونکە ھەموو ڕێککەوتنەکان تەواو بوون و ئێستا سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو چاوەڕوانی ناوی کاندیدی لایەنەکان دەکات، بۆ ئەوەی پێشکەش بە پەرلەمانی بکات و سەرۆکایەتیی پەرلەمان ڕۆژی کۆبوونەوە دیاری دەکات و متمانە بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەدرێت.



گوتیشی: «ھەموو ھەوڵەکان بۆ ئەوەیە پێش چوونە ناو پشووی ھاوینەی پەرلەمانی کورستان، پەرلەمان بۆ متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە و ئەگەریش کەوتە پشووەوە ئەودەم کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمانی بۆ رێک دەخرێت”.



رۆژی سێشەمە ١١-٦-٢٠١٩، پەرلەمانی کوردستان بە زۆرینەی دەنگ، مەسرور بارزانیی بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناوزەد کرد و دواتریش ڤالا فەرید، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رای گەیاند، نووسراوی ناوزەدکردنەکەیان بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان نارد.



رۆژی چوارشەمە ١٢-٦-٢٠١٩، لە رێوڕەسمێکدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانیی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راسپارد، لەو رۆژەوە تاوەکوو ٣٠ رۆژ، بەپێی یاسا لەبەردەم مەسرور بارزانی، کاندیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەت ھەیە، کابینە نوێیەکەی بباتە پەرلەمانی کوردستان و متمانەی یاسایی پەرلەمانی بۆ وەربگرێت.



پێشتریش، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ھێمن ھەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، رای گەیاند، پێویستە تا پێش ٢٨ی ئەم مانگە، ناو و سی ڤیی وەزیرەکان بگاتە پەرلەمان، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ٣٠ی حوزەیران متمانە بە کابینەی حکوومەت و وەزیرەکان بدرێت.



جێی باسە لە دوو ھەفتەی رابردوو سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو، دوای چەند سەردانێکی بۆ لای لایەنە بەشدارەکانی حکوومەت لە حزب و پێکھاتەکان، داوای لێ کردن، سی ڤیی کاندیدی وەزارەتەکان پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی ٣٠ حوزەیران کابینەی نۆیەم لە پەرلەمان متمانەی پێ بدرێت، پێش ئەو کاتەش، پێویستە ناسنامەی ھەموو ئەو وەزیرانە بۆ پەرلەمانتاران ئاشکرا بکرێت تا دەنگیان پێ بدرێت.



باسنيوز
Top