مەسروور بارزانی و ئاندرۆ پیک پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن

مەسروور بارزانی و ئاندرۆ پیک پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن
مەسروور بارزانی، پێشوازیی لە جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران کرد، لە دیدارێكدا باسیان لە پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاکاندا کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤-٦-٢٠١٩ مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە ئاندرۆ پیک، جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران کرد.

لە دیدارێکدا، کە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر و بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادەبوون، پێشهات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ کرا.

لەو دیدارە مەسروور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هەنگاوەکان دەستیان پێکردووە و لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینە بۆ متمانە وەرگرتن و سوێند خواردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان. هەروەها ئاماژە بە رەوش و پرۆسەی سیاسی لەعێراق درا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەچوارچێوەی دەستوور کرایەوە.

لەلای خۆیەوە جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا بۆ کاروباری عێراق و ئێران ، هیوای سەرکەوتنی بۆ مەسروور بارزانی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داهاتوو خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشاندا.

kdp -
Top