"عێراق و ئێران بەڵێنێک بە ھەرێمی کوردستان دەدەن"

ئەمڕۆ (٢٤-٦-٢٠١٩) جارێکی دیکە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق و ئێراندا لەبارەی بیسەروشوێنانی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانەوە بەڕێوە چوو. بریکاری وەزارەتی شەھیدانیش دەڵێ، ھەردوو وڵات بەڵێنی ھاوکارییان پێ داوین بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شنگال و سەماوە.

بەڕەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەھیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەی ھەڵدانەوەی گۆڕی بێسەروشوێنانی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بەڕێوە چوو، تێیدا دانوستان لەبارەی گەڕان و ھەڵدانەوەی گۆڕی ئەو سەربازانەی ھەردوو وڵات کرا، کە لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا کوژراون، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باڵەکایەتی و حاجی ئومەران و پێنجوێن و شارباژێر."

بریکاری وەزارەتی شەھیدان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەرسێ لایەنی ھەرێم و عێراق و ئێران کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن کە بە چاودێریی خاچی سووری نێودەوڵەتی گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە، چونکە پێشتر لەسەر خاکی ھەردوو وڵات کار بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕی ئەو سەربازانە کراواە و دەیانەوێ ئەم جارە لەنێو خاکی ھەرێمی کوردستاندا بەدووای بێسەروشوێنانی خۆیاندا بگەڕێن و داوای ھاوکارییان لە ھەرێمی کوردستان کردووە."

بەڕەڤان حەمدی گوتی: "ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بەڵێنیان داوە کە ئەوانیش ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن لە ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی کوردانی ئێزدی و پارێزگای سەماوەدا، بەتایبەتی بە بەکارھێنانی ئامێری پێشکەوتوو بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی ڕووفاتەکان."


kdp -
Top