ئەمەریکا بە گرینگییەوە دەڕوانێتە ئابووریی هەرێم
ستیڤ لوتس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هەرێمی کوردستان لە ڕووی وەبەرهێنان و بازرگانییەوە ناوچەیەکی ستراتیژی و گرینگە بۆ ئەمەریکا و بەردەوام دەبین لەسەر هەماهەنگیی زیاتر و پێشکەوتووتر لەم بوارەدا. قۆناغی یەکەم بە واژووکردنی یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن دەستمان پێ کرد، لە قۆناغی دواتردا لەسەر گەشەی ئابووری بەردەوام دەبیـن."
دکتۆر دارا جەلیل خەیات، سەرۆکی ژوورەکانی پیشەسازی و بازرگانیی هەرێم، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "هاتنی ئەو شاندەی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا و واژووکردنی لێکتێگەشتنی نێوان هەردوولا گرینگی و بایەخی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و وا دەکات سەرمایەداران بە متمانەیەکی بەهێـزەوە ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان بکەن، ئەمەش دەبێتە قۆناغی گەشەی ئابووریی هەرێم."
هەر لەسەر ئەم پرسە، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "دوای هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر، خۆشبەختانە توانیومانە بە هەماهەنگی و پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوولادا بگەینە ئەوەی یادداشتی لێکتێگەیشتن واژوو بکەین و ئاستی جموجووڵی بازرگانیی نێوان هەرێم و ئەمەریکا بەرز بکەینەوە. ئێستا لای بازرگانانی ئەمەریکی ڕوونە کە هەرێمی کوردستان بازاڕێکی گرینگی وەبەرهێنانە."
نوێنەرەکەی حکومەتی هەرێم دەشڵێت: "ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم، ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی، متمانەبەخشی یادداشتەکە دەبێـت، ئەم شاندە بازرگانییەی ئەمەریکا پێک هاتبوو لە 50 کەس و 30 کۆمپانیای جیاواز، ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە هەر وڵاتێک بێت گرینگی و بایەخی مەزنی هەیە و دەبێتە هۆی پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا."
kdp -
