یەکێتیی قوتابییان داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات بە فەرمی پۆزش بێنێتەوە

یەکێتیی قوتابییان داوا لە وەزارەتی پەروەردە دەکات بە فەرمی پۆزش بێنێتەوە
یەکێتیی قوتابییانی کوردستان رەخنەی توند لە مامەڵەکردنی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کچە قوتابییەک دەگرێت و داوا دەکات بە فەرمی پۆزش بێنێتەوە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، لە مەراسیمەکەی ڕۆژی ٢٣ی ٦ی ٢٠١٩ی وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونە گشتییەکان، ”وێڕای بوونی کەموکوڕیی زۆر و شپرزەیی لە شێوازی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، بە شێوازێکی ناشیاو مامەڵە لەگەڵ کچە قوتابییەکی دەرچوو کرا“.

یەکێتییەکە ئەو ڕەفتارەی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک لە قەڵەم داوە و ڕای گەیاندووە کە ئەو مامەڵەیە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ بەھا بەرزەکانی فرەیی و پێکەوەژیان و ئازادیی تاک کە ھەمیشە لە کوردستان جێگای شانازییە، یەکناگرێتەوە.

بۆیە داوای لە وەزارەتی پەروەردە کردووە، ”بە شێوەیەکی فەرمی پۆزش بۆ ئەو رەفتارە ھەڵەی دەستەی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە بھێنێتەوە و سزای کەمتەرخەمان بدات“.

جەختیشی کردووەتەوە کە خەبات و تێکۆشان لە پێناو پاراستنی شکۆی قوتابییان و ئازادییەکانی تاک و پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، لە ئەرکە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکەیانە و لەو پێناوەشدا بەڵێنیان بە قوتابییانی کوردستان داوە، ”ھەمیشە داکۆکیکاری سەرسەختی مافەکانیان دەبین“.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پاش درووستبوونی کاردانەوەی زۆر بەرامبەر بە ڕەفتاری بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کچە قوتابییەک کە نیقابی پۆشیوە، لیژنەی ڕێکخستنی مەراسیمی ڕاگەیاندنی ئەنجامی ئەزموونە گشتییەکان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی لەوە کردووە کە بردنەدواوەی کچە قوتابییەکە پەیوەندی بە باڵاپۆشییەکەیەوە نەبووە، بەڵکو پەیوەندی بە ڕێکخستنی یەکەم و دووەم و سێیەمەکانی ئاستی ھەرێم و لە چوارچێوەی ڕیزبەندی بووە. بەڵام ئەم ڕوونکردنەوەیەش کۆتایی بە ناڕەزاییەکان لەمبارەیەوە نەھێناوە.











باسنيوز
Top