سەعدی پیرە لەبارەی بەکارهێنانی زاراوەی زبر ئامۆژگاریی مەحمود سەنگاوی دەکات

سەعدی پیرە لەبارەی بەکارهێنانی زاراوەی زبر ئامۆژگاریی مەحمود سەنگاوی دەکات
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئامۆژگاری ئەندامێکی دیکەی مەکتەبی سیاسیی حزبەکەی دەکات، لەبارەی بەکارهێنانی زاراوەی زبر لە قسەکانیدا.

سەعدی پیرە، لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە داوە کە پەیوەندیی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی بێ کێشە نییە و کێشەی تێدایە، هۆکارەکەش ئەوەیە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە نییە بەو شێوازەی یەکێتی دەیەوێت، کێشەی پارێزگاری کەرکووک چارەسەر بکات.

باسیشی لەوە کردووە کە ئەوان وای دەبینن، هێشتنەوەی کێشەی کەرکووک بە شێوەی ئێستا، کەمکردنەوەی تواناکانی یەکێتی و لاوازکردنی پێگەیانە لە کەرکووک. بەڵام باسی لەوە نەکردووە کە ئاخۆ بۆچی دۆخی کەرکووک بەمڕۆ گەیشت و چۆن و کێ لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا شارەکەیان ڕادەستی میلیشیا و هێزەکانی عێراق کرد.

سەعدی پیرە لەو لێدانەیدا بۆ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا)، نەیشاردووەتەوە کە قسەکانی مەحموود سەنگاوی کاریگەریی خراپی هەبووە و “لەجێی خۆی نەبوو و پێویستیش نەبوو”. باسیشی لە نیگەرانیی حزبەکەی بەرامبەر کەم ناوهێنانی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی دەربڕیوە و گوتوویەتی کە لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی و ئەرسەلان بایز بە نووسین بۆچوونی یەکێتییان دەربڕیوە، بۆیە ئامۆژگاریی مەحموود سەنگاوی دەکات کە “پێویستی بە کاک مەحموود نەبوو ئیزافە بکات بۆ ئەم بابەتە بەو زاراوە زبرە و نەبوونی دیقەت لە هەڵبژاردنی وشە، ئەمەیان کارێکی باش نەبوو”.

لە هەفتەی ڕابردوودا مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، کۆبوونەوەیەکی چەند کەسیی حزبەکەی قۆستەوە و بە شێوەیەکی بازاڕی پەلاماری سەرۆک بارزانی و پارتی دا، دواتر سەرکردەکانی پارتی ئەوەیان ڕاگەیاند کە گوناحی ئەوان نییە کوڕەکەی مەحموود سەنگاوی “بێئیشە و لە چایخانان دۆمینە دەکات و یەکێتی نایکات بە وەزیر”، وەک ئاماژەیەک بۆ هۆکاری قسەکانی سەنگاوی.












باسنيوز
Top