شەپۆلێکی گەرما رو لە هەرێمی کوردستان دەکات
بژار ئەکرم، لێپرسراوى بەشى پێشبینى کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندوە، لە ئەمڕۆ دوشەممە تاوەکو کۆتایی هەفتە پلەکانى گەرما رو لە بەرزبونەوە دەکات، سبەى سێشەممە پلەکانى گەرما بە پلەیەک تا دو پلە بەرز دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، رۆژى چوارشەممە و پێنجشەممە پلەکانى گەرما بە نزیکەى دو پلەى دیکە بەرزتر دەبنەوە و ناوچەکانى باشورى هەرێم بەرزترین پلەکانى گەرماى لە سەرووى 46 پلەى سیلیزى دەبێت.
بژار ئەکرم دەڵێت، لە ماوەى رۆژانى چوارشەممە و پێنجشەممە سەنتەرى پارێزگاى هەولێر بەرزترین پلەى گەرماى پێشبینیکراوى دەگاتە 44 پلە سلێمانى 42 پلە دهۆک 42 کرکوک 46 پلە هەڵەبجە 43 پلە دەبێت.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو بەرزبونەوەیەی پلەکانى گەرما لە رۆژى هەینى کۆتایى دێت، رۆژى هەینى بارستە هەوایەکى تا ڕادەیەک قێنک لە دەریاى ناوەڕاستەوە رو لە ناوچەکە دەکات و پلەکانى گەرما نزم دەبێتەوە بە شێوەیەک زۆربەى ناوچەکەمان پلەکانى گەرماى لە ژێر 40 پلەى سیلیزى دەبێت.
باسنيوز
