قایمقامی شنگال: لایەنی دەرەكی پارە لە خەڵك وەردەگرن و دڵەڕاوكێ دروستدەكەن
مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "ئەو لایەنانە رێگە بە دامەزراوە یاساییەكانی دەوڵەت نادەن كارەكانیان ئەنجامبدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی كردەوەكانیان لەچەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق، ئەگەر پێشیان لێنەگیرێت".
هەروەها گوتی "ئەوەی جێگای داخە لە بابەتەكە ئەوەیە تاوەكو ئێستا ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی خاكی عێراق كە هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی قوربانی زۆریان لە پێناویدا، بۆ خزمەتكردنی شنگالی و عێراقییەكان سودی لێوەرنەگیراوە، بۆیە ئەركی ئێمەیە بانگەواز ئاراستەی حكومەتی عێراق بكەین سەبارەت بە گرنگی رزگاركردنی ئەوەی ماوە، پێش لەدەستدانی".
گوتیشی "ئێستا شنگال بەرەوشێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و بێ ئومێدی باڵی بەسەر سەرجەم پێكهاتەكاندا كێشاوە بەهۆی نەبوونی یاسا و شكۆی دەوڵەت و كەمتەرخەمی حكومەت لە ئەنجامدانی كارەكانی بۆ دابینكردنی ئاسایش و ئاشتەوایی و خۆراك".
رووداو
