مەسرور بارزانی و ئاندرۆ پیک پەرەپێدانی پەیوەندییەکان تاوتوێ دەکەن
ئەمڕۆ دووشەممە 24/6/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش و راسپێردراوی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئاندرۆ پیک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران کرد.
لە دیدارەکەدا کە ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ستیڤن فاگن، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر و بەیان سامی عەبدولرەحمان، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئامادە بوون، پێشھات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بەگشتی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا لە بوارە جیاکاندا تاوتوێ کرا.
لەو دیدارە مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و رای گەیاند، ھەنگاوەکان دەستیان پێ کردووە و لە وادەی دیاریکراودا پێکھاتەی کابینە بۆ متمانە وەرگرتن و سوێندخواردن دەخرێتە بەردەم پەرلەمان.
ھەروەھا ئاماژە بە رەوش و پرۆسەی سیاسی لەعێراق درا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵواسراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر لەچوارچێوەی دەستوور کرایەوە.
لای خۆیەوە جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی لە ئەرک و بەرنامەی کابینەی داھاتوو خواست و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ھاوکاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە سەرجەم بوارەکان نیشان دا.
باسنيوز
