هێمن هەورامی: دەبێ تاوەکو 27 مانگ سیڤی بەربژێرەکان بدرێنە مەسروور بارزانی

  هێمن هەورامی: دەبێ تاوەکو 27 مانگ سیڤی بەربژێرەکان بدرێنە مەسروور بارزانی
مەسروور بارزانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەیەوێت بەر لە پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کابینەکەی رابگەیەنێت، بەڵام هێشتا پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکومەتەکەی ناو و سیڤی وەزیرەکانیان ئامادە نییە.

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کات بەدەست هەرێمی کوردستانەوە نەماوە، لەبەرئەوەی پشووی هاوینەی پەرلەمان لە 1-7 دەستپێدەکات دەبێت لەناو وەرزی یاساداناندا لە دانیشتنێکی ئاساییدا متمانە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدرێت، بۆیە پەرلەمانی کوردستان پێیباشە بەر لە 30-6 سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو سیڤی کابینەکەی بۆ پەرلەمانی کوردستان بنێرێت بۆئەوەی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ بەرنامەی کاری بۆ دابنێین لە 30 مانگدا، کە دواڕۆژی وەرزی بەهارەی پەرلەمانی کوردستانە".

بەشی زۆری چاوەڕوانییەکان لەسەر یەکێتییە، بەڵام بۆ یەکێتیش کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەنگی مەحەکە تاوەکو بەربژێرانی خۆی بۆ کابینەکەی بارزانی ئامادەبکات، چونکە مەرجی بەشداریکردنیان لە حکومەتدا بەستووەتەوە بەوەی پارتی چی دەکات بۆ ئەو پارێزگارەی ئەمان دەیانەوێت لە کەرکووک دایبنێن.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە رووداوی راگەیاند: "ئەگەر بزانین لەسەر مەسەلەی کەرکووک رێکناکەوین ئێمە بۆچی دابنیشین باس لە کانیدیدەکانی خۆمان بکەین، هەردوو بابەتەکە بەیەکەوە بەستراوەتەوە ئەگەر ئێمە بابەتی کەرکووک یەکلابکەینەوە دەتوانین لەماوەی 48 کاژێردا کاندیدەکانی خۆمان یەکلابکەینەوە و کۆتایی پێبێت و هیچ کێشەیەکمان نییە ، بەڵام ئەگەر بزانین بابەتی کەرکووک یەکلا نەبووەتەوە یان یەکلانابێتەوە ئێمە دانانیشن تاوتوێی ئەوانە بکەین کە کێ دەچێتە حکومەت و کێ بنێرین".

پەیوەست بە بزووتنەوەی گۆڕان ئەوەی کاری لیژنەی باڵای سیڤییەکان بوو تەواوبووە تەنیا ئەوە ماوە لە کۆبوونەوەیەکی جڤاتی نیشتمانیدا لەنێو ئەو ناوانەی ئێستا هەیە و کیبڕکێی یەک دەکەن، بۆ هەر پۆستێک دەنگ بە یەک کاندید بدرێت کە ئەمیشیان تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە کۆتایی دێت و فایلەکە بە مۆری گردەکەوە دەدەن بە مەسروور بارزانی.

گوڵستان سەعید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت: "پێش کاتی پێکهێنانی حکومەت بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان ناوی کاندیدەکانی خۆی رادەست دەکات، یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە زوو پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەدڵنیاییەوە بزووتنەوەی گۆڕان پابەند دەبێت بە وادەی یاسایی کە لەکاتی خۆیدا ناوەکان رادەست بکات و حکومەت پێکبێت".

ئەوەی تاوەکو ئێستا بۆ مەسروور بارزانی یەکلابووەتەوە تەنیا سیڤی وەزیرەکەی سۆسیالست و پێکهاتەکانە، بەڵام ئەوەی کە چاوەڕوانی دەکرد و هێشتا پێی نەگەیشتووە ئەو فایلە سەوزەیە کە یەکێتی بە تەواوی بە کەرکووکەوە گرێی داوە.




رووداو
Top