خۆشناو: مه‌سروور بارزانی چاوەڕوانی ناوی كاندیده‌كان دەكات.. سەردانەكان كۆتاییان پێ ھاتووە

خۆشناو: مه‌سروور بارزانی چاوەڕوانی ناوی كاندیده‌كان دەكات.. سەردانەكان كۆتاییان پێ ھاتووە
سەردانی شاندی دانوستانكاری پێكھێنانی كابینەی نۆیەم بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی بەشدار لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا كۆتایی ھاتووە، ئەندامێكی شاندەكەش دەڵێت، پێش پشووی ھاوینە، پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی شاندی باڵای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئومێد خۆشناو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو ھێزانەی كە بڕیاریان دا بێنە ناو حكوومەتەوە، گفتوگۆ لەگەڵیاندا كۆتایی پێھاتووە، چونكە ھەموو ڕێككەوتنەكان تەواو بوون و ئێستا سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراو چاوەڕوانی ناوی كاندیدی لایەنەكان دەكات، بۆ ئەوەی پێشكەش بە پەرلەمانی بكات و سەرۆكایەتیی پەرلەمان ڕۆژی كۆبوونەوە دیاری دەكات و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت."

خۆشناو گوتیشی: "ھەر لایەنێك كاندیدی خۆی پێشكەش نەكات لە كاتی دیاریكراودا، ئەوا پڕۆسەكەی بۆ دواناخرێ و لە كاتی خۆیدا بە ڕێوە دەچێت، سەردانەكانیش تەواو كۆتاییان پێ ھاتووە و چاوەڕوانی وەرگرتنی سیڤییەكانیانین پێش چوونە نێو پشووی ھاوینەی پەرلەمانی كورستان، چونكە بەر لەو وادەیە، پەرلەمان كۆدەبێتەوە و متمانە بە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دەدرێت و ھیچ ڕێگرییەك لە پێش پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا نییە."

بە گوتەی ئەو، سەبارەت بە كۆمەڵی ئیسلامی، تا ئێستا لە بەرنامەدا نەبووە ھیچ گفتوگۆ و كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ ئەنجام بدرێت، "وەك خۆم ھیچ بابەتێكم لە سەركردایەتیی پارتی نەزانیوە كە پێیان خۆش بێت یان ناخۆش بێت كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێ بێت، بەڵام بنكەی جەماوەریی پارتی و ئەندامان و دەنگدەران، پێیان خۆش نییە كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا بكات."
kdp -
Top