تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێ بە مەسرور بارزانی دەدرێت

تا کۆتایی ئەم هەفتەیە ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێ بە مەسرور بارزانی دەدرێت
پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، ناوی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕادەستی مەسرور بارزانی، ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بکرێت.

عارف ڕوشدی، ڕاوێژکاری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، ئەم هەفتەیە مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆدەبێتەوە و ناوی وەزیرەکان پەسەند دەکرێت، پاش ئەوەی سەرۆک بارزانی ڕەزامەندی لەسەر ناوەکان دا، دەدرێتە مەسرور بارزانی.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان پێیان باشە پێش هاتنی مانگی نوێ، ئەو حزبانەی لە حکوومەت بەشدار دەبن، ناوی کاندیدەکانیان بە ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت بدەن.

لەلایەن خۆشیەوە به‌ختیار حه‌یده‌ر، بەرپرسی فەرمانگەی یاسایی پارتی ڕايگەیاند:”چاوەڕوان ده‌كرێت تا 27ی ٦ کە دەکاتە کۆتایی ئەم هەفتەیە، ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت ئاماده‌ بێت”.

جەختیشی کردەوە کە پێکهێنانی حکوومەت “پەیوەندی بە پارتی و یەکێتی نەماوە و بەرنامەی کاری حکوومەت بە سەرجەم حزبەکان دراوە، ئێستا پرسەکە یاساییە و پەیوەندی بە هەڵوێستی سیاسییەوە نەماوە، ناوی وەزیرەکانیش بە نووسراوی فەرمی بە سەرۆکی ڕاسپێردراوی حکوومەت دەدرێت”.

هەر لەمبارەیەوە محەمەد وەتمان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕايگەیاند: "ئەم ھەفتەیە پێش ١\٧\٢٠١٩، بڕیارە سەرکردایەتیی یەکێتی کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی ناوی کاندیدەکان بۆ ئەو پۆستانەی پشکی یەکێتین لە حکوومەتی نوێدا، یەکلا بکرێتەوە".









باسنيوز
Top